خالید شوانی سەردانی سۆران کامەرانی کرد

.
.

K24 - هەولێر:

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەردانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی کرد کە رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە بۆردوومانەکانی ئێران برینداربوو.

خالید شوانی سەبارەت بە پەیامنێرەکەی کوردستان24 گوتی: سۆران گەنجە ھێمن و سەنگینەکەی کەرکووک، راگەیاندنکارێکی بەسەلیقە و ئارام، راپۆرتە ھەواڵییەکانی ھەمیشە رەنگدانەوەی رەوشتە بەرزەکەیەتی. ھەمیشە بە ساغ و سەلامەتی بتبینم.

رۆژی 28ـی ئەیلول، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایەسەر.

هەمان رۆژ، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە سنووری پردێ برینداربوو.

دوای چەند کاتژمێرێک لەو رووداوە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند.

بەپێی لێدوانی محەمەد پاكپوور، فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە و "توانیومانە 42 ئامانجی خۆمان بپێکین".

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، بە هۆی ئەو هێرشانەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.