ئێران بە درۆن و تۆپ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات

K24 - هەولێر

ئەمجەد حوسێنپەناهی، فەرماندەی سەربازیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سوپای پاسداران بە چڕی بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵوەزەرد، بەربزین، سەقەر، بێرمەسارد و بێرمەگەورە، دەکات.

ئەو، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، یەکی تشرینی یەکەم) بە درۆن، تۆپ و کاتیۆشا ئەنجامدەدرێت. گوتیشی، بنکە و بارەگاکانیان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام پێشمەرگەکانیان سەلامەتن.

لە دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سوپای پاسداران بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات و زیانی ماددی زۆری بە دارستان و سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە.

هەروەها  رۆژی 28ـی ئەیلولی 2022، بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە نزیک پردێ، بە موشەک و درۆن بۆردوومانکران و لە ئەنجامدا 17  کەس گیانیان لەدەستدا و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند و، ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکە لە رێگەی 73 موشەكی بالستی و دەیان فڕۆكەی بێفرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بووە.

Fly Erbil Advertisment