ئۆكرانیا شارۆچكه‌ی لیمانی كۆنتڕۆڵكرده‌وه و رووسیاش ده‌ڵێت كشاینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا بڵاویكرده‌وه، سه‌ربازه‌كانیان چوونه‌ته ناو شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی ستراتیژی، كه پێشتر له‌ژێر كۆنتڕۆڵی رووسیادا بوو.
له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێزه‌كانیان شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی سه‌ر به‌ناوچه‌ی دۆنستیكیان كۆنترۆڵكرده‌وه، كه به هه‌زاران سه‌ربازی رووسی له‌وێ ده‌وره‌دراون.
رووسیا ناوچه‌ی (لیمان) وه‌ك ناوه‌ندێكی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان به‌كارده‌هێنا، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن ئۆكرانییه‌كانه‌وه، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی مه‌یدانییه بۆ كیێڤ.
گوته‌بێژی سوپای ئۆكرانیا له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی (لیمان) وا ده‌كات سوپای ئۆكرانی پێشڕه‌وی بۆ ناوچه‌ی لۆگانسك بكات، كه رووسه‌كان له مانگی ته‌مووزی رابردووه‌وه كۆنترۆڵیان كردبوو.
روونیشیكرده‌وه، هه‌نگاوی داهاتوو كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی دۆنباسه، هه‌لێكی گرنگه بۆ چوونه ناو كریمیا و سێڤیردۆنستیك.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سوپای رووسیا له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا كشانه‌وه‌یان له شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیا ده‌وره‌درابوون.
له 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد و به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك سزای دارایی، ئابووری و سیاسی‌یان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس