حووسییه‌كان هۆشداری ده‌ده‌ن
ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌داته كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی سعوودییه و ئیمارات

K24 – هه‌ولێر:
هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، رایگه‌یاند، ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتیانه‌ی له ئیمارات و سعوودییه كار ده‌كه‌ن، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له كۆتاییهاتنی ئاگربه‌ستی نێوان حووسییه‌كان و سعوودییه پێویسته ئه‌و وڵاتانه بهجێبهێڵن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، هێزه چه‌كداره‌كانی حووسیی ئاشكرایكردووه، توانایان هه‌یه، سعوودییه و ئیمارات له‌و سه‌رچاوانه بێبه‌ش بكه‌ن، كه ئه‌وان خه‌ڵكی یه‌مه‌نیان لێ بێبه‌ش كردووه.
داوایشیان كردووه، كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌كان له سعوودییه و ئیمارات بارگه و بنه‌یان بپێچنه‌وه و خۆیان بۆ چوونه ده‌ره‌وه له‌و وڵاتانه ئاماده بكه‌ن.
هه‌روه‌ها هاتووه: هه‌موو شتێك رێی تێ ده‌چێت، گه‌لی یه‌مه‌ن خاوه‌ن مافه و ده‌شتوانێت ئه‌و مافه‌ی وه‌ربگرێته‌وه، مادام هه‌موو رێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ی به روودا داخراوه.
پێش مانگی ره‌مه‌زانی رابردوو، حووسییه‌كان و سعوودییه ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند و دواتر بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ئاگربه‌ستیان درێژ كرده‌وه.
سعوودییه سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كی عه‌ره‌بی ده‌كات و له ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاری 2015ه‌وه شه‌ڕی له دژی حووسییه‌كان راگه‌یاندووه و له رێی زه‌وی و ئاسمانه‌وه بۆردومانیان ده‌كات.
حووسییه‌كان په‌ره‌یان به مووشه‌كی دوورمه‌ودا و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان داوه و چه‌ند جارێك هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتی ئارامكۆ.