لە تایلەند کەسێک بە چەک هێرشدەکاتە سەر داینگەیەک

 34 کەسی کوشتووە کە 22ـیان منداڵن

کۆبوونەوەی خەڵک لە پێش داینگەکە
کۆبوونەوەی خەڵک لە پێش داینگەکە

K24 – هەولێر

پۆلیسی تایلەند بە ئاژانسەکانی هەواڵی راگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە (6-10-2022)، کەسێک کە پێشتر پۆلیس بووە، بە چەک و چەقۆ هێرشیکردووەتە سەر داینگەیەکی منداڵان و دوای ئەوەی هێرشەکەی ئەنجامداوە، ژن و منداڵەکەی خۆی کوشتووە.

بە گوتەی پۆلیس، هێرشبەرەکە لەکاتی خواردنی نانی نیوەڕۆ هێرشەکەی ئەنجامداوە، سەرەتا تەقەی لە سێ بۆ چوار بەرپرسی داینگەکە کردووە، لە ئەنجامی رووداوەکە 34 کەس کوژراون  کە 22ـیان منداڵن، لەناو کوژراوەکانیشدا مامۆستایەک هەیە کە سکی هەشت مانگە بووە.

بە گوتەی پۆلیس، سەرەتا خەڵک وایانزانیوە یاری ئاگریینە، پاشان بکوژەکە چووەتە ئەو ژوورەی منداڵەکانی تێدا خەوتوون و بە چەقۆ کوشتوونی.

پۆلیسی تایلەند ناسنامەی هێرشبەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و  دەڵێت، ئەو کەسە ساڵی رابردوو بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.

لە تایلەند چەکی بێمۆڵەت بەربڵاوە و رێژەی ئەو کەسانەی چەکیان پێیە بە بەراورد لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە زۆرە.

پێشتر لە ساڵی 2020، سەربازێک دوای ئەوەی لەسەر گرێبەستێکی موڵک و ماڵ توڕە ببوو، هێرشی کردە سەر شوێنێک و، لانیکەم 29 کەسی کوشت و 57 کەسیشی بریندار کرد.

Fly Erbil Advertisment