ئەمهریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی دیکەی ئێراندا سەپاند
K24 - هەولێر:
ئەمهریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی دیکەی ئێراندا سەپاند، کە دەستیان هەیە لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و راگرتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا پاکێجێکی دیکەی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و ئەمجارەیان سزای بەسەر حەوت بەرپرسدا سەپاندووە و دیارترینیان وەزیری ناوخۆ و گەیاندنی ئێرانن.
ئەو بەرپرسانەی ئێران کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە: ئەحمەد وەحید وەزیری ناوخۆ، عیسا زەریپوور وەزیری گەیاندن، حوسێن ساجیدینیا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، یەدوڵڵا جەوانی جێگری فەرماندەی سیاسی سوپای پاسداران، وەحید محەممەد ناسر سەرۆکی پۆلیسی سایبەری، حوسێن نەژاد فەرماندەی سوپای پاسداران و کەسی نزیک لە خامنەیی و حوسێن رەحیمی بەرپرسی هێزی پۆلیسی تاران.
جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمهریکا رایگەیاند، ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران و راگرتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، کراونەتە ئامانجی سزاکانمان.
جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمهریکا راشیگهیاند، بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ و کوشتن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە، پۆلیسی رەوشتی ئێران و چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانمان خستوونەتە لیستی سزاکانەوە و بۆ لەمەودواش بەبێ دوو دڵێ ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی فەرمان دەکەن و پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندەران دەکەن، دەیانخەینە لیستی سزاکانەوە.