واشنتن بۆ مۆسكۆ: خۆتان ده‌زانن سزای به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی چییه

K24 – هه‌ولێر:
له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی له دژی ئۆكرانیا، به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا هۆشدارییه‌كی نوێی به رووسیا دا و پێی راگه‌یاند، كه "ئه‌نجامی كاره‌ساتباری به‌دواوه ده‌بێت".
دیریك شولیت راوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا، باش ده‌زانێت سزای به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له دژی ئۆكرانیا چییه و ئاكامه‌كه‌ی چۆن ده‌بێت.
شولیت راشیگه‌یاند، تێبینی هیچ گۆڕانكارییه‌ك له سیسته‌می ئه‌تۆمی رووسی له ناوچه‌كه نه‌كراوه، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی رووسیاوه هه‌میشه بڵاوده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، رووسیا ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه، كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات، ئێمه وه‌ك واشنتن چاودێری هه‌نگاوه‌كانیان ده‌كه‌ین و به ئاشكرا و به‌نهێنی به رووسهكانیشمان راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر چه‌كی ناووكی به‌كاربهێنن، رووبه‌ڕووی سزای كاره‌ساتبار ده‌بنه‌وه، ئاماژه‌ی به شێواز و چۆنییه‌تی سزاكه نه‌كرد.
هه‌روه‌ها روونیشیكرده‌وه، زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ رووسیا و ڤلادیمێر پوتن به‌ستووه، تا ئێستا نه‌یانتوانیووه كاریگه‌رییان بۆسه‌ر جه‌نگی ئۆكرانیادا هه‌بێت، یاخوود ئاراسته‌ی جه‌نگه‌كه بگۆڕن.
گوتیشی: "سیاسه‌تی واشنتن به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا له چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ پێكهاتووه، كه بریتین له پاڵپشتی سه‌ربازی بۆیان، هه‌روه‌ها به‌رگری له بست به‌بستی خاكی هاوپه‌یمانی ناتۆ، وێڕای زیادكردنی هێزه‌كانمان له وڵاتانی ئه‌وروپا".
له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی درۆنه‌كانی ئێران له جیهاندا، به‌تایبه‌ت پێدانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان (درۆن) به رووسیا، شولیت جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، واشتن له هه‌نگاوه‌كانی ئێران له‌مباره‌یه‌وه نیگه‌رانه، به‌تایبه‌ت پێدانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به رووسیا و به‌كارهێنانی له دژی ئۆكرانیا.
له‌باره‌ی جه‌نگی ئۆكرانیا ئه‌و راوێژكاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: "به‌ر له 31 ساڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌رگریكردن له سه‌روه‌ری خاكی كوه‌یت، به هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ 30 وڵات رووی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد، بۆیه هه‌مان بیرۆكه بۆ پرسی ئۆكرانیا له ئارادا نییه، ئه‌گه‌ر رووسیا جه‌نگ رابگرێت، ئه‌وا شه‌ڕه‌كه كۆتایی دێت، ئه‌گه‌ر ئۆكرانیا كۆتایی به‌و شه‌ڕه بهێنێت، ئه‌وا كۆتایی ئۆكرانیا دێت و له‌لایه‌ن رووسیاوه داگیرده‌كرێت.
