مەسرور بارزانی: چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەرکردنی کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا بە جددی بیر لە کێشەی خەڵکی کوردستان نەکراوەتەوە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەرکردنی کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردن لە دیداری "پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "بە درێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە کورد وەکو نەتەوە، لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان وەکو پێکهاتەی رەسەنی ئەم ناوچەیە، هەروەها لە خاکی کوردستان وەکو نیشتمان کراوە، ئەم زوڵمە نەک بە دەیان ساڵ، بەڵکو لە سەد ساڵی رابردوو تائێستا بەردەوامە، بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بکرێتەوە، زۆر جار خەریکی ئەوەن بیانوو بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە وەکو پێویست چارەسەر نەکرێت، کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ کێشەیەکی جیهانییە، پێویستە هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین پەنجە بخەینە سەر ئەو گرفتانە و هەڵانە دابنێین کە  لە مێژوودا دەرهەق بەم ناوچەیە و ئێمە کراوە، بۆ ئەوەی رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، لە ساڵانی رابردوو ئەو وڵاتانەی کە کێشەیان لەگەڵ کورد وەکو نەتەوە هەبووە نەیانهێشتووە کورد هەتا باسی کێشەکەی خۆشی بکات، هەر پێشنیارێکی خستبێتەڕوو بۆ چارەسەر، دواتر کورد تاوانبارکراوە بەوەی کە جوداخوازە یان کێشە و ئاژاوە دەنێتەوە، ئێمە وەکو هەر نەتەوەیەک هەقی ئەوەمان هەیە کە پێمانوایە چۆن سەقامگیری ناوچەکە دەستەبەر دەبێت و ئێمە چۆن دەتوانین فاکتەرێکی بنیادنەربین، هەروەها خۆمان هەقی ئەوەمان هەبێت باسی لە بیروبۆچوونەکانی خۆمان بکەین لە پلاتفۆڕمەکانی نێودەوڵەتی، ئەم ماوەی کە کورد رێگەی پێدراوە دەنگی خۆی بە جهیان بگەیەنێت، توانیویەتی لە زۆر بوارەوە ئەم تەفسیرە هەڵەی کە سەبارەت بە نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان کراوە بڕەوێنێتەوە، جیهان شایەدی ئەوەیە ئێمە دەتوانین فاکتەرێکی بنیادنەربین، هەر لە سەردەمی بارزانی نەمرەوە تاکو سەرۆک بارزانی هەمیشە داکۆکیان لەوەکردووەتەوە نابێت کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتەکان وا تەفسیر بکرێت کە ببێتە کێشەی نەتەوەکان، ئێمە هەمیشە رێزمان لە هەموو نەتەوەکان گرتووە و لەسەر ئەو پرەنسیپە بەردەوام دەبین، کێشەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەکان نییە کە لەگەڵی یەکتر دەژین، بەڵکو کێشە لەگەڵ هەندێک دەسەڵاتدار و حکومەت بووە، کە بەداخەوە لە جیاتی بیر حوکـرانییەکی یەکسان و دادپەروەرانە بکەنەوە بیریان لە چەوساندنەوەی نەتەوەیەکی ستەمدیدە کردووەتەوە، بەڵام ئێمە نەمانهێشتووە ئەوە ببێتە کێشەی نێوان نەتەوەکان، هەر کاتێکیش پێویست بووبێت هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک پێویستی بە کوردستان هەبووبێت، کوردستان دەرگای کردووەتەوە و لە باوەشی گرتوون".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ روویان کردە کوردستان، هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ کردنەوە، کە تاکو ئێستاش بە شانازییەوە دەڵێین کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لە دەستی تاوان و تیرۆر رادەکەن کوردستان بە شوێنێکی پارێزراو دەزانن رووی تێدەکەن، ئێمە منتەت بەسەر کەسەوە ناکەین، بەڵام ئەمە کولتوورێکە لەگەڵ ئێمەیە و ئەو پرەنسیپانەن کە بڕوامان پێیە".

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی وتارەکەیدا، ئەوەی خستەڕوو: "چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەری کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، دەمەوێت باس لە نموونەی عێراق بکەم، ئەگەر سەیری رووداوەکان بکەین لە سەد ساڵی رابردوو دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاکو ئێستا ئایا عێراق وەکو پێویست سەقامیگیری بەخۆییەوە بینیووە؟ پێشکەوتووە؟ توانیویەتی بە یەکسانی خزمەتی هەموو خەڵک بکات؟، بێگومان نەخێر، یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان ئەو هەموو نەهامەتییە لەم وڵاتە روویانداوە ئەوەیە کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە، رژێمە دیکتاتۆرەکان لەجیاتی ئەوەی رێز لە مافی گەلی کوردستان و عێراق بە گشتی بگرن، بیریان لە قڕکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە، ئەمەش وایکرد خەڵکی کوردستان پارێزگاری لەخۆی بکات، لە ئەنجامی شەڕێکی نەخوازراو نەک هەر کورد زەرەرمەند بوو، بەڵکو هەموو عێراق تووشی وێرانکاری و زەرەر و زیانی گەورەبوو، دواتر لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەداخەوە حکومەتی عێراق پەلاماری خەڵکی کوردستانیدا، دوای رێککەوتنی 11ی ئازار لە ساڵی 1974 کە شەڕێکی سەرتاسەری بوو، وایلیهات حکومەتی عێراق لە لێواری رووخاندا بوو، ئەمەش وایکرد تەنازول بۆ شای ئێران بکات و رێککەوتنی ئێران واژۆ بکات، زۆری نەخایاند بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە هەڵوەشێنێتەوە، پەلاماری ئێرانیدا و شەڕێکی هەشت ساڵەی وێرانکەری بەدوایدا هات، کە ئەمە ئابووری وڵاتی عێراقی تێکدا، دواتر بۆ پڕکردنەوە و هەڵسانەوەی عێراق بیریان لە داگیرکردنی کوەیت کردەوە، کە جەنگی کەنداوی لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە وێرانکاری هیچی دیکە نەمایەوە، ئەگەر کێشەی کورد لەو سەردەمە چارەسەر بکرابایە عێراق ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەردەهات؟، من پێم وایە ئەو ناسەقامگیریەی کە هەیە بیرێکی جددی لە چارەسەرکردنی خەڵکی کوردستان نەکراوەتەوە".

مەسرور بارزانی، گوتی: "کورد وەکو نەتەوە رێزی لێنەگیراوە، بەڵام لە کوردستان رێز لە مافی مرۆڤ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان دەگیرێت، پێکەوەژیان بووتە پێناسەیەکی دیاری هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئێمە دەرفەتێکی وامان پێبدرابا کاربکەین، رێزمان لێبگیرابا، دان بە مافەکانمان دابنرابایە، بێگومان ئێمە دەمانتوانی پێشکەوتنی زۆر زیاتر نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش دەستەبەر بکەین، لە ساڵانی رابردوودا هەموومان بینیمان کورد توانای شەڕکردنی زۆرە و هەر کوردیش بوو بە خوێنی خۆی رێگە لە فراوانبوونی خەلافەتی داعش بگرێت و هێرشی داعش تێکبشکێنێت، لە سەرەتاوە پێشمەرگە رێگری لە داعش کرد، ئەوکاتە کە 12 فیرقەی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش بەداخەوە شکستیان هێنا".

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەشدا: "عێراق سامانێکی سرووشتی و سەروەتێکی مرۆیی زۆر بەهێزی هەیە، ئەی بۆچی ئەو سەقامگیری و پێشکەوتنەی هەموومان مەبەستمانە لە عێراق نەهاتووەتە ئاراوە، بێگومان چونکە ئیدارەیەکی باش لەو وڵاتەدا نەبووە و پێشێلی مافەکان لراوە و رێز لە دەستوور نەگیراوە، ئەگەر دەستوور وەکوخۆی جێبەجێ بکراوە و رێز لە خاڵەکانی بگیرابایە ئێستا عێراق لە ئاستێکی دیکە دەبوو، بە سەدان ملیار دۆلار داهاتی عێراقە، کوردستان تەنها سەدا پێنجی ئەو داهاتەی بەردەکەوێت، سەدا 95ی دیکە پێویستە لە شوێنەکانی عێراق خەرج بکرێت، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین نابینین ئەو پێشکەوتنە لە ناوچەکانی عێراق هەبێت".

سەبارەت بە سەرهەڵدانی تیرۆر لە عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "بابزانین تیرۆر بۆ لە عێراق سەریهەڵدا یان بۆ تاکو ئێستاش توندوتیژی لە عێراق، توندوتیژی و تیرۆریزم دەرهاوێشتەیە، ئەنجامە هۆکار نییە، چەندین هۆکاری دیکە هەن کە وادەکەن تیرۆر سەرهەڵبدات پێش هەموو شتێک نایەکسانی و نادادپەروەری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، هەموو ئەو شتانە وایکردووە خەڵک بێزاربێت و بیر لە چارەسەری دیکە دەکەنەوە، تیرۆرسیتان لە کوێ بزانن ناسەقامگیری هەبێت و باری ئابووری تێکبچێت، ئیستغلالی دەکەن و داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەن، زۆر لەو کەسانەی کە لە عێراق هاوکاری داعشیان کرد، شارەزای سیاسەتی داعش نەبوون، بەڵام لە روانگەی تۆڵە کردن و ناچاری ویستیان شتێک بکەن، چونکە لە سیستمەکە ناڕەزایی بوون، هەستیان بە نایەکسانی و نادادپەری دەکرد، ئێستاش ئەگەر ئەوانە چارەسەر نەکرێن سەقامگیری لە عێراق نابێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "زۆر لە پێکهاتە رەسەنەکانی عێراق متمانەیان بە یەکتر نییە، با لە موجامەلەی سیاسی دەرچین، بۆ ئەوەی چارەسەر گونجاو بدۆزینەوە دەبێت راستگۆبین لە دەستنیشان کردنی هەڵە و کێشەکان، کێشەی سەرەکی ئەم وڵاتە ئەوەیە متمانە زۆر کەمبووەتەوە و ترس هەیە لەنێوان پێکهاتەکان، رەنگە ناهەقیشیان نەبێت، لەوەی ئەوەی بەسەر پێکهاتەکان هاتووە دووبارە ببێتەوە، کاتێک متمانە نەما هەرچی بکرێت بە گومانەوە سەیری دەکرێت".

مەسرور بارزانی، گوتیشی: "حکومەت و سیستمی جیاوازمان لە عێراق تاقیکردووەتەوە، بۆچی تائێستا هیچی وەڵامدەرەوەی خواست و ویستی خەڵکەکە نەبووە، چونکە نەیانتوانیوە ئەم متمانەیە دروست بکەن یان ئەو ترسە بڕەوێننەوە، کاتێک ترس هەبێت لەوەی پەراوێز دەخرێیت یان لەناو دەبرێیت ئەوکاتە هەڵوێستی دیکەت دەبێت، بەڵام ئەگەر دڵنیابیت لەوەی ئەوەی هەتە هی خۆتە و پارێزراوە جۆرێکی دیکە دەبێت و زەمینەی باشتر سازدەکرێت بۆ بەیەکەوە کارکردن، ئەگەر سیتمێک دابنێین رێز لە یەکتر بگرین، وەکو هەین قبووڵ بکرێین و بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین یارمەتی یەکتر بدەین بۆ پێشخستنی وڵاتەکەمان، پێم وایە زەمینەیەکی زۆر باش هەیە کە ئەوە بکەین، بەڵام ئەو سیستەمە رێگری لەوە بکات، کە کەسێک نەتوانێت بە حەز و ویستی خۆی نەتوانێت یاری بە سیستمەکە بکات، لە سیستمی فیدراڵی شتی باش هەیە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگی بە سیستمی فیدراڵی لە عێراق داوە، بەڵام زۆر لە خاڵەکانی پێشێلکران و جێبەجێ نەکران، چ میکانیزمێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی پێشێلی دەستوورییان کردووە بەرپرساربن، چ میکانیزمێک هەیە بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت سوو ئیستیفادە لە دەسەڵات بکەن رێگەیان پێنەدرێت، بۆیە پێویستە بیرێکی جددیتر لەوە بکەینەوە، هەموومان پێکەوە کە بە ئاسوودەیی بژین و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەمان دەستەبەر بکەین، پێویستە رێز لە یەکتر بگرین، شەراکەتی حەقیقی، یەکسانی و دادپەروەری لەم وڵاتە هەبێت، بە چاوی گومانەوە سەیری یەکتر نەکەین، ئەگەر کوردستان پێشکەوتووە ئەوا لەسەر حیسابی هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق پێشنکەوتووە، بەپێچەوانەوە زوڵمیشی لێکراوە و مافی پێنەدراوە و ئەو بودجەی کە بۆی تەرخانکراوە پێی نەدراوە، ئەو پێشکەوتن و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە دەکرێ هەمان نموونە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دووبارە ببێتەوە، کە بەیەکەوە ئیش بکەین".

مەسرور بارزانی، دەشڵێت: "ئەگەر ئێمە بزانین ئەوەی هەمانە لە دەستی نادەین، بەبیانووی جیاواز بەبێ پاساو پەلامار نادرێین، لە رووی یاساییەوە دژایەتی ناکرێین، لە رووی سیاسییەوە رێگەمان لێناگیرێت، لە رووی ئەمنیی و ئاسایشەوە پەلامار ناردێین، بێگومان ئومێدێکی زیاترمان بە وڵاتەکەمان دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ئومێد و گەرەنتییە بنەڕەتی بێت دەبێ ئەو سیستمە لە ئاست ئەو داخوازیانە بێت، بۆیە دەبێ هەموومان پێکەوە بیرێکی لەوە بکەینەوە سیستمێک لە عێراق جێگیر بکەین، نە سوننە نە کورد، نە شیعە و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە ترسیان لە یەکتر نەمێنێت، لە جیاتی ئەوەی هەست بکەن بە ئیجباری لەگەڵ یەکتر، بەڵکو ئارەزومەندانە لەگەڵ یەکتربین و بیر لەوە بکەینەوە چۆن پێکەوە بتوانین پێشبکەوین، دڵنیام ئەگەر بە دڵێکی پاکەوە لەگەڵ یەکتر کاربکەین دەتوانین هەنگاوی باش بنێن، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەبێتە نموونەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسی کورد لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیوادارم ئەو رۆژە زوو بێت".

 

Fly Erbil Advertisment