سبه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دوو پرسی تایبه‌ت كۆده‌بێته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
سبه‌ی یه‌كشه‌ممه په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ده‌نگدان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی خولی پێنجه‌می خۆی و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه.
به گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه (8ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)ی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌نگ له‌سه‌ر پێشنیازەیاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق) ده‌درێت.
هه‌روه‌ها له خالی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاردا، په‌رله‌مانی كوردستان بەردەوام ده‌بێت لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
پێشتر سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندبوو، پێشنیازه‌یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، گۆران و هه‌ندێك لایه‌نی دیكه پێشكه‌شكردووه تا لایه‌نه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا بگه‌نه رێككه‌وتن و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ن.
ئه‌مڕۆش جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له راگه‌یه‌ندراوێكدا، هه‌ڵوێستی خۆی له‌وباره‌وه ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، بۆ درووستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستان، و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان فراکسیۆنە پێکهێنەرەکانی حکومەت واژووكراوه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان.
رۆژی چوارشه‌ممه (5ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پێشنیازه‌یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدا.