زانیاری لەبارەی کوژراوانی ریزی هێزە چەکدارەکانی ئێران بڵاودەکرێتەوە

K24 – هەولێر
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) زانیاری و ژمارەی کوژراوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. بە پێی زانیارییەکان، دوو لە کوژراوان، فەرماندەی باڵای هێزی چەکداری ئێرانن.
یەک لەو دوو فەرماندەیە لە شاری زاهیدان و ئەوەی دیکەیان لە شاری مریوان کوژراون.
(ئێران) بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە تا ئیستا، 24 هێزی چەکدار لە هێزی ئینتیزامی و بەسیج، کوژراون.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە "ئەو هێزانە بەبێ چەک بوونە و لەلایەن ئاژاوەگێڕانەوە کوژراون". ئەوە لە کاتێکدایە، لە زۆربەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە خۆپێشاندانی شار و شارۆچکەکانی ئێران بڵاوبوونەتەوە، دیارە کە ئەو هێزانە چەکیان بەدەستەوەیە و لە هەندێ کاتیشدا راستەخۆ تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن.
ئاماری کوژرانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پێی شارەکان بەم جۆرەیە: زاهیدان (شەش کەس)، تاران (چوار)، روبات کەریم (یەک)، تەورێز (یەک)، مەشهەد (یەک)، شیراز (دوو)، کەرەج (یەک)، تاکستان (یەک)، ورمێ (یەک)، گەرمسار (یەک)، قوم (یەک)، مەریوان (یەک)، قیشم (یەک)، سنە (یەک) و ئامول (یەک کەس).
دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کە لە لایەن هێزی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەرکرابووە، زیاتر لە ٢٠ رۆژە خۆپێشاندان لە چەندین شار و شارۆچکەی ئێران بەردەوامە و وەک رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا نزیک بە ١٩٠ خۆپێشاندەر گیانیان لەدەست داوە.