ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیەندرا

K24 – هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/10/2022، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند و ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: "هەرچەندە ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان کەمتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەک پلانمان کەم نەکردووە، بەڵکو پلانمان زیادکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 63 هەزار و 219 کورسی خوێندمان بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 415 کورسیمان زیادکردووە".
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی: "368 پێشکەشکار داواکانیان بەهۆی هەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە کێشەی بۆ دروستبووە، ئەوان دەتوانن فۆڕمی سکاڵا پێشکەش بکەن و جێگەیان بۆ دابین دەکەین".
راشیگەیاند: "ئێستا 22 هەزار کورسی بە باتاڵ ماوەتەوە، بۆ ئەوەی کەس بە ناچاری نەچێت لە خوێندنی ئەهلی و پارالێل بخوێنێت، دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕایی ئێستا زۆر لە بارترە لە ساڵانی رابردوو، ئەمەش بریتییە لە سوود وەرگرتن لە توانای زانکۆکانمان".
ئارام محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەی وەرگرتن لە ئەمساڵدا بە ئەولەویەت هەموو دەرفەتەکان بۆ دەرچوانی ئەمساڵ، ئەویش ئەو مەبدەیە کە پێی دەگوترێت دادپەروەری لە خوێندنی خۆڕایی، پارالێل و ئێواران، هەموو ئەوانەمان وەرگرتووە کە لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکاریان پێشکەشکردووە".
د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، گوتی: "ئەمساڵ کۆی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی 38 هەزار و 680 قوتابی بوو، 25 هەزار و 972 دەرچووی زانستی و 12 هەزار و 708 دەرچووی وێژەیی، پلانی وەزارەت دابینکردنی 63 هەزار و 219 کورسییە و شەش هەزار کورسی لە ساڵی رابردوو زیادیکردووە".
روونیکردەوە: "کۆی پێشکەشکارانی زانکۆلاین 44 هەزار و 408 قوتابی بوون، 27 هەزار و 728یان هی ساڵی خوێندنی 2022 و 9 هەزار و 354یش هی ساڵی 2021 و 7 هەزار و 326 دەرچووی دیکەش هی ساڵانی رابردوو بوون، کۆی وەرگیراوان لەو ژمارەیە 41 هەزار و 253ـە، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 360 لە دەرچووانی ئەمساڵن، کە دەکاتە %100ی دەرچووان".
ئارام ئیبراهیم، بەڕێوبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لینکی زانکۆلاین و فۆڕمی پێشکەشکردنی سکاڵاکان کارا دەبێت".
لینکی تایبەت بە وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان
رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2022، سیستەمی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان کارا کرا و، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو، لە سەدا 100ی ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانکۆ لاینەوە فۆڕم بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕدەکەنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.
لە سیستەمی زانكۆ لاین قوتابییانی دەرچووی قۆناغی 12 دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەوە بە ئاسانی لەگەڵ هەنگاوەكانی سیستەمەکەدا بڕوات و فۆڕمی قبوڵکردن پڕ بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا پەنا نەبرێتە بەر سەنتەرەكانی پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە و قوتابی تووشی هەڵە پڕكردنەوە نەبێت.