كه‌نه‌دا سزای زیاتری به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند

خۆپیشاندانێكی ره‌وه‌ندی ئێرانی له‌ كه‌نه‌دا
خۆپیشاندانێكی ره‌وه‌ندی ئێرانی له‌ كه‌نه‌دا

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی كه‌نه‌دا، جارێكی دیكه‌ی ئێرانی به‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ تۆمه‌تبار كرد و سزای به‌سه‌ردا سه‌پاند.

سزاكان سێ كیان و 17 كه‌سایه‌تی ئێرانی ده‌گرێته‌وه‌، له‌ ناویاندا، سه‌عید مرته‌زه‌وی داواكار له‌ دادگای شۆڕشی ئێران و محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌‌، كه‌ له‌ ناویاندا وه‌زیری پێشووی به‌رگری هه‌یه‌.

بڕیاره‌كه‌ی كه‌نه‌دا قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ هیچ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تی و كیانه‌ ئێرانییانه‌ بكرێت و سه‌رجه‌م سامان و داراییه‌كییان له‌ كه‌نه‌دا هه‌بێت بلۆك ده‌كرێت و قه‌ده‌غه‌یه‌ بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌.

میلانی جولی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا، رایگه‌یاند، كرده‌وه‌كانی ئێران خۆیان باس له‌ خۆیان ده‌كه‌ن، جیهان چه‌ندین ساڵه‌ شاهێدی ئه‌وه‌یه‌، ئێران ئه‌جێندای توندوتیژی و ترس و پڕوپاگه‌نده‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

له‌ 16ی ئه‌یلوول/ سێپێتمبه‌ری رابردووه‌وه‌، به‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی، شه‌پۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی ئێرانی گرتووه‌ته‌وه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو، كه‌نه‌دا بڕیاری دابوو، هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی 10 هه‌زار ئه‌ندامی سوپای پاسداران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی بۆ وڵاته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ بكات.

تا ئێستا 83 كیان و كه‌سایه‌تی باڵای ئێرانی له‌ لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌ سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

سه‌رچاوه‌: AFP