محەممەد شیاع سوودانی: سەرۆک بارزانی کۆڵەگەیەکی سەرەکی پرۆسەی سیاسیی عێراقە

"سەرکەوتنی حکومەتی عێراق پەیوەستە بە دەستبردن بۆ دۆسیە ئاڵۆزەکان"
محەممەد شیاع سوودانی لە هەڤپەیڤێنکدا لەگەڵ فەرهاد رەسوڵ گورون عەزیز، پێشکەشکاری کوردستان24
محەممەد شیاع سوودانی لە هەڤپەیڤێنکدا لەگەڵ فەرهاد رەسوڵ گورون عەزیز، پێشکەشکاری کوردستان24

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ساڵی رابردوو پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 دەڵێت، "سەرۆک بارزانی یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق".

بە بڕوای سوودانی رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ هەر لێکتگەیشتنێك و هاوپەیمانێتییەك لە رێرەوی پرۆسەی سیاسیی عێراق زۆر گرنگە.  

محەممەد شیاع سوودانی، لەکاتی هەڤپەیڤینەکەدا وەک سەرۆکی کوتلەی فوراتەین قسە بۆ کوردستان24 دەکات و باس لەوەدەکات، نەبوونی متمانە و چارەسەرنەکردنی دۆسییەکان هۆکارن بۆ کەڵەکەبوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو پێیوایە سەرکەوتنی حکومەتی عێراق پەیوەستە بە دەستبردن بۆ دۆسیە ئاڵۆزەکان.

لەبارەی نەناردنی بودجەی هەرێمی کورستانیش لەلایەن بەغداوە، محەممەد شیاع سوودانی لە هەڤپەینەکەدا دووپاتی دەکاتەوە کە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی ئەوان ئەوەیە وەك فەرمانبەرانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەیری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت.

رۆژی پێنجەشەممە (13ـی تشرینی یەکەمی 2022) دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەتیف رەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا و دواتر سەرۆک کۆمار محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپارد.