وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداری لە شڵەژانی زیاتری دۆخی ئابووری جیهان دەدات

"ئابووری جیهان لاوازبووە و ئەوروپا لە قەیرانێکی زۆر سەختدایە"

ئاڵای ئەمەریکا و لۆگۆی وەزارەتی خەزێنە
ئاڵای ئەمەریکا و لۆگۆی وەزارەتی خەزێنە

K24 - هەولێر:

جانێت یێلین، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا رایگەیاند، راپۆرتەکانەکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، دەریدەخەن ئابووری جیهان لاوازبووە و ئەوروپا لە قەیرانێکی زۆر سەختدایە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نرخی گاز و بەتایبەت غازی سروشتی.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداری دەدات، لەوەی کەڵەکەبوونی قەرز هەڕەشە لە وڵاتانی کەمدەرامەت دەکات و جگە لەمەش هەڵاوسان لە بەشێک لە وڵاتان لە زیادبوونە و هاوکات گەشەی ئابووریش لە تەواوی جیهاندا لە پاشەکشەیە.

جانێت یێلین راشیگەیاند، قەیرانی خۆراک و ئاسایشی خۆراک بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا زیادیکردووە و ئەمساڵ نزیکی 75 ملیۆن کەس لە جیهان مەترسی کەمی خۆراک و لەبرسا مردنیان لەسەرە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا 10 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ هاوکاریی وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت.

یێلین گوتیشی: جیاوازی نرخی دۆلار لە بەرانبەر دراوەکانی دیکە هاوکارییەکی زۆری ئەو وڵاتە و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان کردووە و پێگەی ئابووری وڵاتەکەی بەهێزترکردووە.

Fly Erbil Advertisment