رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکە: ئازادی رادەربڕین لە سنووری سلێمانی لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە

K24 – هەولێر
یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی نزیکەی هەفتەیەک لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکرابوو، دوای ئازادکردنی دەڵێت: ئازادی رادەربڕین لە سنووری سلێمانی لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە.
سەرتیپ وەیسی کەریم، رۆژنامەنووس لە دەزگای میدیای بوار دوای نزیکەی هەفتەیەک دەستگیرکردنیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ میدیاکارێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم عەلی دوێنێ ئازادکران، سەرتیپ دوای ئازادکردنیان نووسیویەتی: "بەداخەوە پرسی ئازادی رادەربڕین بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە، سلێمانی وانەبوو بۆ واتان لێکرد؟".
دەشڵێت: "پرسەکە بچووک مەکەنەوە بۆ گرتنی دوو رۆژنامەنووسی ئاسایی، بەڵکو با بەیەکەوە هەوڵبدەین شەڕ لە دژی خنکاندنی ئازادی بکەین.
هەرچەندە دوێنێ میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە کە ئەو دوو رۆژنامەنووسە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئازادکراون، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوان بوونە بۆ ئازادکردنیان و نووسیویەتی: "سوپاس بۆ پشتیوانیتان لە پرسی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی".
رۆژی یەكشەممە 9/10/2022، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی بۆ كارێكی رۆژنامەوانی لە هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی بەڕێكەوتوون، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون، ئاسایشی سلێمانیش رایگەیاندووە، ئەو دوو کەسە لەسەر دوو سکاڵای وەزیری دارایی و دژەتیرۆری یەکێتی دەستگیرکراون.