واشنتن پۆست: ئێران مووشەک و درۆنی زیاتر بە رووسیا دەدات
K24 – هەولێر
رۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری چەند بەرپرس و ناوەندێکی ئەمنیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئاشکرای کردووە کە ئێران دەیەوێت مووشەکی جۆری بالستی و فرۆکەی بێفرۆکەوانی زیاتر بە رووسیا بدات.
لەو راپۆرتەدا کە رۆژی 16ـی تشرینی یەکەم بڵاوبووەتەوە، باس لە پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی سوپای ئۆکرانیا و ئەو زیانانەی کردووە کە بەر سوپای رووسیا کەوتووە و نووسراوە، ناردنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا کاریگەری لەسەر ئەو پێشڕەویانە و زیانەکانی سوپای رووسیا دەبێت.
دەزگە زانیارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی پێیانوایە سوپای رووسیا لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیاوە، شەش هەزار کەلوپەل و چەکی قورسی لەدەست داوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، میدیا سەربەخۆکانی وڵاتانی رۆژئاوایی وێنەی درۆنی جۆری (شاهد 136)ـیان بڵاوکردەوە کە لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە خرابوونەخوار. ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی تاران تا ئێستاش رەتیدەکاتەوە سوپای رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا، چەکی ئێرانی بەکار هینابێت.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و ئۆکرانیا، لەوە دڵنیابوونەتەوە کە سوپای رووسیا درۆنی خۆتەقێنەری (شاهد 136)ـی بەکارهێناوە.
بەرپرسانی ئەمنیی ئەمەریکا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، شاندێکی ئێرانی رۆژی 18ـی ئەیلول سەردانی رووسیایان کردووە بۆ ئەوەی ناردنی دوو مووشەکی زەوی بۆ زەوی لە جۆرەکانی (فاتح 110) و (زولفەقار) یەکلابکەنەوە.
واشنتن پۆست، ئاشکرای کردووە کە ئێران ئامادەکاری بۆ رادەستکردنی دەیان درۆنی نوێی (شاهد 136) و (موهاجر) دەکات. رۆژنامەکە نووسیویەتی، "درۆنی خۆتەقێنەری شاهد 136، دەتوانێ 2400 کیلۆمەتر بفڕێت و لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، راهێنەرە ئێرانییەکان بۆ راهێنانی سوپای رووسیا، چوونەتە ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە لە لایەن رووسیاوە داگیرکراون."