ده‌ست به‌ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر ده‌كرێت

ئه‌رشیف - دیمه‌نێكی شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر
ئه‌رشیف - دیمه‌نێكی شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دابیندەکات، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ـی ئۆکتۆبەری 2022 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەکەوێتە باکووری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆنییەوە چەند جارێک شکا و چاککرایەوە، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبستی لەڕەگەوە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەمساڵ بڕیاردرا بەتەواوی بگۆڕدرێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری له‌ زاری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز ٣ـی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پرۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و 750 مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و 650 ملیۆن دینارە".

درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، 11 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها رایگەیاند "کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە 21 ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، 110 بۆ 120 رۆژە".

Fly Erbil Advertisment