پلاسخارت له‌سه‌ر دیارنه‌مانی 3.7 ترلیۆن دیناره‌كه هاته ده‌نگ

K24 – هه‌ولێر:
نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره ونبووه‌كان و پشتیوانی له لێكۆڵینه‌وه‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌كات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (17ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، جینین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، له تویتێكدا ده‌نگی خۆی خسته پاڵ هه‌موو ئه‌و عێراقییانه‌ی داوای گه‌ڕاندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له دیارنه‌مانی 3.7 ترلیۆن دیناری ده‌سته‌ی باجی گشتی باج له بانكی رافیده‌ین ده‌كه‌ن.
پلاسخارت نووسیویه‌تی، "عێراق به‌و چه‌ند ملیار دۆلاره ده‌توانێت وه‌به‌رهێنان له قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، وزه، ئاو و رێگاوبان بكات، ئه‌و پاره‌یه بۆ خاوه‌نه شه‌رعییه‌كانی بگه‌ڕێننه‌وه".
پلاسخارت داوایكردووه پشتیوانی له لێكۆڵینه‌وه‌كانی حكومه‌تی عێراق بكرێت و جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستی پاراستنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و راستیانه‌یان ئاشكراكردووه، كردووه‌ته‌وه ، هه‌روه‌ها داوای مسۆگه‌ركردنی لێپرسینه‌وه‌ی له‌و دۆسییه كردووه.
دوای ئاشكرابوونی دیارنه‌مانی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) له له هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج له بانكی رافیده‌ین، كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی عێراق تادێت فراوانتر ده‌بێت.
رۆژی یه‌كشه‌ممه (16ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، به پشتبه‌ستن به داتا و زانیاری، به‌ر له چه‌ند مانگێك، به‌ڵگه‌كانمان له‌باره‌ی دزینی ئه‌و گوژمه پاره‌یه له بانكی رافیده‌ین، راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كردووه و به‌ڵگه‌كان به‌شی ئه‌وه ده‌كه‌ن تۆمه‌تبارانی پێ بناسرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها رۆژی شەممە (15ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئیحسان عەبدولجەبار پاش دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت رایگەیاند، "دوای ئەوەی سەلماندمان کە 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) لە هه‌ژماری تایبه‌تی ده‌سته‌ی گشتی باج لە بانکی رافیدەین لە لایەن کۆمەڵێک کەسی دیاریکراوەوە دزراوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەمان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە".
هاوکات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "ئەو تاڵانییەی لە پارەی دەستەی گشتی باج کراوە بە ئاسانی تێناپەڕێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوێستی توندی دەبێت".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق له‌باره‌ی پرسی دیارنه‌مانی ئه‌و گوژمه زۆره‌ی پاره له بانكی رافیده‌ین، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، سڵ ناکەنەوە لە رێوشوێنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە کاریگەری بەسەر تەواوی جومگەکانی وڵات و دامەزراوەکانەوە هەبووە كه کاری لەپێشینەی کارنامەی كابینه‌كه‌ی ده‌بێت و رێگەش نادەن پارەی عێراقییەکان بە هەدەر بدرێت.
پێشتریش ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاندبوو، لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، بەدواداچوونی بۆ دیارنەمانی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دینار لە بانکی رافیدەین دەستپێکردووە.