رووسیا: بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی 32 کەس بوونە قوربانی
22 ههزار كورد لهو ناوچهیهدا دهژین

K24 – رووسیا:
وەزارەتی بارودۆخە لەناکاوەکانی رووسیا بڵاویكردهوه، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی سو-34 لە شاری یەیسک لە سنووری پارێزگای کراسنەداری باشووری رووسیا، 13 کەس گیانییان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی بارودۆخە لەناکاوەکان رایگەیاند، دوای گەڕان و لابردنی داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکەی شاری یەیسک، کە ئێوارەی 17 ی ئۆکتۆبەر بەهۆی کەوتنەخوارەی فڕۆکەیەکی جەنگی، 32 کەس بوونە قوربانی.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسیش برینداربوون، لەنێو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە سێیان منداڵن.
لەراگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی هەوڵی تیمەکانی فریاگوزاری، توانراوە 68 کەس رزگار بکەن، ئەمە لەکاتێکدا لەرێگای پەیژەوە 360 کەسی دیکە رزگارکراون.
وەزارەتی بارودۆخە لەناکاوەکان راشیگەیاند، فڕۆکەیەک لە حەوشەی تەنیشت باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە، لە ئەنجامدا بیناکە گڕیگرتووە و ئاگرەکە چەند نهۆمێکی گرتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لهمبارهیهوه روونیكردەوە، كە فڕۆكە سەربازییەكە لە كاتی مەشق و راهێناندا لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازییەوە فڕیووە، بەهۆی گڕگرتنی بزوێنەرەکەی کەوتووەتە خوارەوە.
هەر دوای رووداوەکە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا هاتووەتە سەر هێڵ و بەرپرسانی کراسنەدار، وەزارەتی باره لەناکاوەکان و وەزارەتی تەندروستی راسپاردووه، بچنە یەیسک بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست بۆ قوربانییەکان.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەسنووری پارێزگای کراسنەداردا، زیاتر لە 22 هەزار کورد دەژین.