ئەرجەنتین داوا لە قەتەر دەکات بەرپرسێکی باڵای ئێران دەستگیربکات

ئاڵای ئێران و ئه‌رجه‌نتین
ئاڵای ئێران و ئه‌رجه‌نتین

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسێکی باڵای ئێرانی سەردانی قەتەر دەکات و حکومەتی ئەرجەنتین داوا لە قەتەر دەکات دەستگیری بکات، بەهۆی بەشداریکردنی لە پلانی تەقاندنەوەی سەنتەرێکی جووەکان لە بۆینس ئایرس لە ساڵی 1994.

موحسین رەزایی، جێگری سەرۆك کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووری لەلایەن دوو پارێزەری تایبەتەوە لە ئەرجەنتین داواکراوە.
پارێزەرەکان گومانی ئەوەیان هەیە موحسین رەزایی لە داڕشتنی پلانی تەقینەوەکەی 18ـی تەمووزی 1994ـی بۆینس ئایرس بەشداری کردبێت.

تەقینەوەکە "ناوەندی هاوبەشی ئیسرائیل"ـی بەئامانجگرت و لەئاکامدا 85 کەس گیانیان لەدەستدا و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمی تەلام، دوو پارێزەرە تایبەتەکە، داواكارییەكیان پێشكەشی وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین كرد، كە تێیدا داوای پەنابردنە بەر هەموو كەرەستە دیپلۆماسییەكان دەکەن بۆ دەستگیرکردنی رەزایی.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دوای ئەوەی بوونی رەزایی لە قەتەر پشتڕاست کراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین داواکاری پارێزەرە تایبەتەکانی پەسەند کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکە "بۆ دەستگیکردنی بەرپرسە ئێرانییەکە داوای هاوکاریی ئینتەرپۆلی کردووە"، لە کاتێکدا سانتیاگۆ کافیرۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین "باڵیۆزی ئەرجەنتینی لە دۆحە راسپاردووە کە بەپەلە پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بکات و دۆخەکەیان پێرابگەیەنێت".

ئەرجەنتین گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکەکانی لە ئەمەریکای لاتین تێدایە کە ژمارەیان نزیکەی 300 هەزار کەسە.

Fly Erbil Advertisment