ئێران گەمارۆ دەخاتە سەر یەکێتی ئەوروپا

"یەکێتی ئەوروپا هەڵەی کرد و لە هەوڵێکی نابەجێدا، دیسان پەنای بۆ کارێکی کۆن و بێکاریگەری گەمارۆ برد"

K24 – هەولێر

وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەپاندنی گەمارۆی نوێی یەکێتی ئەوروپای بۆ سەر وڵاتەکەی بە "دوژمنکارانە" ناوهێنا و ئاشکرایکرد، ئێران گەمارۆ دەخاتە سەر بەرپرس و دامەزراوەکانی ئەوروپا.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەدا بەرامبەر بە گەمارۆ نوێیەکانی ئەوروپا، گوتی: گەمارۆکان لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە دەرکراون و مەبەستی سیاسیان لە پشتە.

ئەو، گەمارۆکانی بە "دوژمنکارانە و بەکارهێنانی پرسی مافی مرۆڤ" وەسف کرد و گوتی: ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو بەرپرس و دامەزراوانەی گەمارۆیان خراوەتەسەر، بێبنەمان. وەک وەڵامێک بۆ ئەو کارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە نزیکترین کاتدا گەمارۆ دەخەینە سەر بەرپرس و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا".

ناسر کەنعانی ئاماژەی بە کاتی دیاریکراوی سەپاندنی ئەو گەمارۆیانە نەکرد.

زیاتر لە مانگێکە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی بەردەوامە. خۆپێشاندەران و ماڵباتی ژینا، دووپات دەکەنەوە کە کچەکەیان بە هۆی  توندوتیژیی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام لە راپۆرتی فەرمیی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوە رەتکراوەتەوە کە توندوتیژی بەرامبەر کرابێت و زەبری بەر سەری کەوتبێت.

کوژرانی ژینا ئەمینی، کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەڵەتی لێکەوتەوە و لە دوایین کاردانەوەدا، یەکێتی ئەوروپا رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم، گەمارۆی خستەسەر 11 بەرپرس و چوار ناوەندی ئەمنیی ئێران کە دەستیان لەو رووداوانەدا هەبووە.

بە پێی ئەو بڕیارە، ئەگەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانە لە ئەوروپا موڵک و ماڵیان هەبێت، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و رێگەیان پێنادرێت سەردانی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بکەن. هاوکات هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆیان نییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانەدا بکەن و هەناردەکردنی هەر جۆرە کەرستەیەک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و چاودێری بەسەر هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن بۆ ئێران، قەدەغەیە.

ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند کاتژمێڕێک دوای راگەیاندنی گەمارۆی نوێی یەکێتی ئەوروپا، دووپاتی کردەوە کە "یەکێتی ئەوروپا هەڵەی کرد و لە هەوڵێکی نابەجێدا، دیسان پەنای بۆ کارێکی کۆن و بێکاریگەری گەمارۆ برد".

ئەو، دووپاتی کردەوە، بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای "کۆمەڵێک زانیاری هەڵە" بووە.  

Fly Erbil Advertisment