خوڵوسی ئاکار: ئەو کەسانەی دەڵێن تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە دەدرێنە دادگا

"ئێمە رێز لە سنوور و سەروەریی عێراق و سووریا دەگرین"

خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا - فۆتۆ: aa
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

وەزیری بەرگریی تورکیا رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی دەڵێن سوپای تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکە چەکی کیمیایی بەکار‌هێناوە دەدرێنە دادگا.

خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، دەربارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا رایگەیاند: "ئەوانەی ئەم دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە دەدرێنە دادگا".

وەزیری بەرگری تورکیا لە شاری ئەیدرنە، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووەوە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن "سوپای تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە"، ئاکار گوتی: "کەسانێک کە تەنها هەوڵیان بۆ نانەوەی فیتنەیە، ناوبەناو هەندێک بوختان بڵاودەکەنەوە. هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە رێی درۆکانیانەوە مێشکی خەڵک سەرقاڵ بکەن و ورەی سەربازەکانیشمان بڕوخێنن. لە دەفتەری هێزە سەربازییەکانی تورکیادا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە. ئێمە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرین و لەوەش گرنگتر بەهای باوەڕ و مرۆڤایەتیمیان، هەیە. لە کولتووری ئێمەدا ئەشکەنجە و ئازاردان نییە. ئێمە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئۆپەراسیۆنەکانمان ئەنجام دەدەین. ئەو دەنگۆیانەش کە بڵاوکراوونەتەوە بۆ لەکەدارکردنی چالاکییە جددی و راستگۆیانەکانمانە".

گوتیشی: "بۆ گرتنەبەری رێوشێنی پێویست دژی بڵاوکردنەووەی ئەم دەنگۆیانە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرە، رێوشوێنی یاسایی گرتووەتەبەر. بەمشێوەیەش قۆناغی یاسایی دەستیپێکردووە و ئەوانەی ئەم دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە دەدرێنە دادگا. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێری قۆناغەکە دەکەین. ئەمە بوختانێکی گەورەیە دژی تورکیا".

وەزیری بەرگری تورکیا راشیگەیاند: "ئێمە رێز لە سنوور و سەروەریی هەموو دراوسێکانمان بەتایبەت سووریا و عێراق دەگرین. تەنها ئامانجی ئێمە دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرگرییکردنە لە وڵات و گەلەکەمان. هێزە سەربازییەکانمان بۆ رێگرییکردن لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی مەدەنی، شوێنە ئایینی، مێژووی و کولتوورییەکان و ژینگە، بەشێوەیەکی زۆر هەستیارانە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن کە تا ئێستا سوپای هیچ وڵاتێک بەو هەستیارییە ئۆپەراسیۆنی ئەنجام نەداوە".

ئەمە لەکاتێکدایە میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایانگەیاندووە، سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان بەکار‌هێناوە.

لەسەر ئەو پرسە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاندبوو، لە رێگەی پارێزەرانییەوە ئاگاداری ئەوە کراوەتەوە، کە چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی چەکدارانی پەکەکە بەکارهێنراوە.

دەمیرتاش راشیگەیاندووە، پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن بەدەنگ بێن لەبەرامبەر ئەم رووداوە، چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانە دژی مرۆڤایەتی.

هەر پەیوەست بەو پرسە رۆژی 18/10/2022، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لەدەستدانی 17 چەکداری خۆی لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

Fly Erbil Advertisment