کێشەی نێوان حزبەکان بەرۆکی محەمەد شیاع سوودانیشی گرتەوە

شیعە، سووننە و کورد لەسەر پۆستە وەزارییەکان رێکنەکەوتوون

محەمەد شیاع سوودانی
محەمەد شیاع سوودانی

K24 – هەولێر

دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دانگدان لەسەر کابینەی محەمەد شیاع سوودانی بەڕێوەناچێت و هۆکارەکەشی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە لەسەر پشکە وەزارییەکانیان.

سەرەڕای ئەوەی رۆژی 19ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایکرد، ئەمڕۆ (شەممە 22ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکەی سوودانی بدات، بەڵام ئەمکارە نەکرا و گوایە کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دواخراوە.

نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا کە لە نزیکەوە چاودێری هەوڵەکان بۆ پێکهینانی حکومەت دەکات، بە ئەستەمی دەزانێت کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممەش بەڕێوەبچێت.

هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ رێکنەکەوتنی شیعە، سووننە و کورد لەسەر پۆستە وەزارییەکان دەگەڕێتەوە.

باس لەوە دەکرێت کابینەکەی سوودانی لە 22 یان 24 وەزارەت پێکدێت و لایەنی شیعە لە کۆی وەزارەتەکان 12 پۆست، سووننە 6 وەزارەت، کورد 4 وەزارەت و رەنگە دوو وەزارەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت.

حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەسەر وەزارەتەکان و بەتایبەت وەزارەتە سیادییەکان تا ئێستا رێکنەکەوتوون. ئەو لایەنەی پێیوایە لە پرۆسەی سەرخستنی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێکهێنانی حکومەت لە لایەنکانی دیکە هەوڵی زۆرتری داوە، داوای پشکی زیاتر یان وەزارەتی سیادی دەکات.

سووننەکانیش کە یەکدەست و یەکگرتوو بوون، ئێستا ناکۆکیان کەوتووەتەناو، هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، پۆستی وەزاری ناوێت و داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە محەممەد حەلبووسی، کۆڵەکەی سەرەکیی هاوپەیمانی سیادەی سووننەکانە و، ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.

بە گوتەی نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا، لایەنی کوردستانیش (پارتی و یەکێتی) کە چوار وەزارەتیان بەردەکەوێت، لەسەر پشکەکانیان رێکنەکەوتوون. پارتی داوای سێ وەزارەت دەکات، بەڵام یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە دوو وەزارەت بە ئەوان بدرێت و دوو وەزارەتەکەی دیکە بدرێت بە پارتی.