لیژنەیەکی تایبەتمەند چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدی لایەنەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان دەکات
"وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کاندیدەکان دیاری دەکرێت"
K24 – هەولێر
نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، دووپاتی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردەوە و ئاشکرایکرد، چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت کە لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکهاتووە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەم) نووسینگەی محەمەد سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدی لایەنەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە حکومەتی هاوپەیمانی نوێدا، کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت کە لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکهاتووە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆکایەتی دەکرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بە شێوەیەکی فەرمی ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، دوای چاوپێکەوتن رادەگەیەندرێت، دەستپاکیی کاندیدەکان لە روانگەی یاساییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە و وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کاندیدەکان دیاری دەکرێت.
ناکۆکی لەسەر پشکی لایەنەکان
سەرەڕای ئەوەی رۆژی 19ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایکرد، ئەمڕۆ (شەممە 22ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکەی سوودانی بدات، بەڵام ئەمکارە نەکرا و گوایە کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دواخراوە.
نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا کە لە نزیکەوە چاودێری هەوڵەکان بۆ پێکهینانی حکومەت دەکات، بە ئەستەمی دەزانێت کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممەش بەڕێوەبچێت.
هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ رێکنەکەوتنی شیعە، سووننە و کورد لەسەر پۆستە وەزارییەکان دەگەڕێتەوە.
باس لەوە دەکرێت کابینەکەی سوودانی لە 22 یان 24 وەزارەت پێکدێت و لایەنی شیعە لە کۆی وەزارەتەکان 12 پۆست، سووننە 6 وەزارەت، کورد 4 وەزارەت و رەنگە دوو وەزارەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت.
حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەسەر وەزارەتەکان و بەتایبەت وەزارەتە سیادییەکان تا ئێستا رێکنەکەوتوون. ئەو لایەنەی پێیوایە لە پرۆسەی سەرخستنی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێکهێنانی حکومەت لە لایەنکانی دیکە هەوڵی زۆرتری داوە، داوای پشکی زیاتر یان وەزارەتی سیادی دەکات.
سووننەکانیش کە یەکدەست و یەکگرتوو بوون، ئێستا ناکۆکیان کەوتووەتەناو، هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، پۆستی وەزاری ناوێت و داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە محەممەد حەلبووسی، کۆڵەکەی سەرەکیی هاوپەیمانی سیادەی سووننەکانە و، ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
بە گوتەی نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا، لایەنی کوردستانیش (پارتی و یەکێتی) کە چوار وەزارەتیان بەردەکەوێت، لەسەر پشکەکانیان رێکنەکەوتوون. پارتی داوای سێ وەزارەت دەکات، بەڵام یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە دوو وەزارەت بە ئەوان بدرێت و دوو وەزارەتەکەی دیکە بدرێت بە پارتی.
بەرەی تورکمانی هەڕەشە دەکات
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووە، وەزارەتێکی خزمەتگوزاری یان پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بە پێکهاتەی تورکمان بدرێت.
ساڵحی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، دووپاتیکردەوە ئەوان نایانەوێ دەستوەرانی دەرەکی لە کێشە ناوخۆییەکانی عێراقدا بکرێت، "بەڵام ئەگەر هیچ رێگەچارەیەک نەما، پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەین".
ئەو گوتی: داوا دهكهین وهزارهتێك به پێكهاتهی توركمان بدرێت، بهو پێیهی كابینهی نوێ، كابینهیهكی خزمهتگوزارییه، داوامان له سهرۆكوهزیرانی راسپێردراو ئهوهیه، وهزارهتێكی خزمهتگوزاری یان دوو وهزارهت یان جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێكهاتهی توركمان دهستنیشان بكات.
هەروەها لەگەڵ ئاماژەدان بە "توانایی سوودانی و بوونی نیەتی ئەنجامدانی چاکسازی"، رایگەیاند: فشاره سیاسییهكان و پێكهاتهكان كاریگهری لهسهرههڵوێستی سهرۆكوهزیرانی راسپێردراو ههبووه، وڵات له دۆخێكی خراپدایه و داوا دهكهین حكومهتی نوێ زوو پێكبهێنرێت. نیگهرانی و ههڵوێستی خۆمان به نهتهوهیهكگرتووهكان گهیاندووه، كهوا له سهرجهم كۆبوونهوهی سهركرده سیاسییهكاندا پێكهاته بانگهێشت نهكراوه.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی گوتیشی: تائێستا نهمانویستووه دهستێوهردانی ههرێمی ههبێت، ئهگهر سكاڵا نێوخۆییهكان سوودیان نهبوو، ئهوا سكاڵا دهكهین و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی ههیه و پهنای بۆ دهبهین. نامانهوێ كێشه نێوخۆییهكان بگوازینهوه بۆ دهرهوهی وڵات و لهوێ چارهی بكهین، دهمانهوێ له رێگهی عێراقییهوه بێت، پێمانوایه محهمهد شیاع سوودانی توانای چاكسازی و راستكردنهوهی ئهو ههڵانهی ههیه كه له رابردوودا کراون.