مەسرور بارزانی پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات
باس لە هەبوونی هێزی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرا

K24 – هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ كارل هاريس جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە 25ـی تشرینی یەکەم) گفتوگۆ دەربارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەبوونی هێزی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە سەر بنەمای رێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگیی و سازان تاووتوێکران.

