هەدەپە: میکانیزمی دیارکردنی کاندیدەکانمان دەستپێکردووە

K24 – هەولێر
میدحەت سانجار هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بە شێوەیەکی روون و کراوە دەستیان بە کارەکانی میکانیزمی دیارکردنی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کردووە.
میدحەت سانجار، لە گوتارێکیدا لەمیانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، وەک هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا هەوڵیانداوە لە رێگەی بەرنامەیەکی چارەسەرکردنی بەهێز، خەباتی هاوبەش و هاوپەیمانێتییەوە بەهێزترین بژاردە پێشکەش بکەن.
راشیگەیاند، ئەوە هەدەپەیە کە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی لەلای حکومەت دروستکردووە، لەبەر ئەم هۆیەیە کە قسەوباسەکان لەسەر هەدەپە بە خێرایی بەردەوامە.
سانجار، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە سستەمی حکومەتی سەرۆکایەتی کۆمار سەرچاوەی سەرەکیی ئەو کێشانەیە کە لە ئارادایە و راشیگەیاند ئامانجیان بنیاتنانی دیموکراسییەکی بەهێز و سستەمێکی دیموکراسی فرەلایەنە.
گوتیشی: "ئەگەر هەدەپە بێت یان کاندیدێکی دیکە، لەو بڕوایەداین لە بری ناوەکان دەبێت گەنگەشە لەسەر پرنسیپ و سستەمەکە بکەین، چونکە گۆڕانکاری دیموکراسی نەک لە رێگەی کەسەکانەوە، بەڵکو لە رێگەی دانوستان و لێکتێگەیشتن لەسەر پرنسیپ و سستەمەکان دەکرێت".
بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی 2023، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەبچن، لە ئێستاوە پارتەکانی تورکیا جوڵەیان دەستپێکردووە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لە هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەک بەشداری بکەن، کە هەدەپە یەکێکە لە پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی 2018 هەدەپە 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، 11 پەرلەمانتاری ئەو حزبە مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، ئێستا هەدەپە سێیەم فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە.
پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا پێنج كۆنگرەی ئاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێت بۆ کۆتایھێنان بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.