حکومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەیهكی جنێف دهكات
کۆبوونەوەکە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووانە

K24 - ههولێر:
بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان، حکومەتی هەرێم بەشداریی لە کۆبوونەوەی جنێف دەکات.
بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی - جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکدەخات.
لەبارەی بەشداریكردنی حكومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتحادی، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و سویسرا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و کۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بەشدارن.
د.دیندار زێباری دەشڵێت، ئەم كۆبوونەوەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی تەحەدیات و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پرۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بێسەروشوێنبوون کە بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی (389) راسپاردە بۆ هەرێم، (9) راسپاردە تایبەتە بە تاوانی بێسەروشوێنکردن لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، حکومەتی عێراق پابەندە بە پێداچوونەوە و پێشکەش کردنی هەوڵەکانی خۆی بە لایەنی نێودەوڵەتی لەو رووەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی چوار ساڵەی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2022) داناوە، بەمەبەستی پێشخستن و پەرەپێدانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنیان. پلانەکە بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە هەرێمی کوردستان 179 راسپاردە لە کۆی 389 راسپاردەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوەیەگکرتووەکان جێبەجێکراوە.