لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری ئەنجام درا

.
.

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دوای سێ ساڵ لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێشمەرگەو کەسوکاری پێشمەرگە، دوای کردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئەمڕۆ 26 ئۆکتۆبەری2022، بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، چەند نەشتەرگەرییەک لە چەند پسپۆریەکی جیاجیا لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەسەرکەوتوویی ئەنجام درا.

د. رەزا ئیسماعیل پسپۆر لە نەخۆشیەکانی کۆمەڵەی دەمار بە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاندووە: "ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار وەک یەکەم کارمان لە هۆڵی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە سێ نەشتەرگەریمان ئەنجام داوە، پلانمان هەیە و بەردەوام دەبین نەشتەرگەری بۆ تەواوی ئەو پێشمەرگانە دەکەین، کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "نەشتەرگەرییەکان لەلایەن خۆمان وەک توانا مرۆییەکانی پزیشکی خودی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو پزیشکانەی وەک هاوکار و یارمەتیدەر لە وەزارەتی تەندروستی راسپێردراون بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت، لەئێستاشدا نەشتەرگەری گشتی و شکان، دەمار، هەناو ئەنجام دەدرێن".

هاوکات د. دانا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە، ئاماژەی بە هەوڵە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی سەربازی حکومەتی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیدا بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی توانا پزیشکیەکانی نەخۆشخانە داو دەڵێت: "ئێستا تواناکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ئاستێکی باشدایە".

لای خۆیەوە، لیوا روکن هۆشمەند حیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئامادەبوو، وەک نیشاندانی پاڵپشتی تەواوی وەزارەت بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە و هەرهاوکارییەکی پێویست، هەروەها خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا بە ئەنجام دانی یەکەمین نەشتەرگەری بۆ پێشمەرگەیەک و ئاماژەی بەوەدا: "هەموو هەوڵی وەزارەت ئەوەیە خزمەتێکی شایستە و پێویست بەو خەبات و قوربانی دانەی پێشمەرگە بکرێت، کە بەگیان و خوێنی خۆیان بەرگریان لە خاک و خەڵکی کوردستان کردوە و دەکەن".

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەسەر ئەرکی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەولێر دروستکراوە، ماوەی سێ ساڵە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاریان دەکات.

.
.
.
.