پرسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا

K24 – هه‌ولێر:
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا چه‌ندین خاڵی په‌یوه‌ست به پرسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌خۆگرتووه، كه هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ش وه‌ك داواكاری كورد له‌و كارنامه‌یه‌دا جێگیركراوه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بڵاوكرایه‌وه، بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندبكرێت.
ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێت به پرسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا، جه‌خت له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای مادده‌ی 140 و خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی سوودمه‌ندان به بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 كراوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له خاڵێكی دیكه‌ی كارنامه‌كه‌دا، ئاماژه به گواستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مامۆستایانی په‌روه‌رده‌ی كوردی له پارێزگای كه‌ركووك بۆ سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق كراوه‌ته‌وه، كه تاوه‌كو ئێستا هه‌رچه‌نده له ناوه‌نده‌كانی خوێندن له پارێزگای كه‌ركووك خزمه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رجه‌م راژه‌ی خزمه‌ت و شایسته داراییه‌كانیان له ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو.
سه‌باره‌ت به رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركووك، جه‌خت له‌سه‌ر چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی بۆ شاری كه‌ركووك كراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ پێكهێنانی چه‌ند فه‌وجێكی فریاكه‌وتن له پۆلیسی ناوخۆیی له دانیشتووی ره‌سه‌نی شاره‌كه بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك و دابینكردنی سه‌رجه‌م پێداویستییه ئه‌منییه‌كان بۆیان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له كارنامه‌كه‌دا ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسیی سه‌رجه‌م پارته كوردستانییه‌كان له پارێزگاكانی كه‌ركووك، نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددین و دیاله به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه دووپاتكراوه‌ته‌وه و كاریشدهكات بۆ چۆڵكردنی باره‌گا داگیركراوه‌كانی پارته كوردستانییه‌كان له‌و پارێزگایانه، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته رێگه‌خۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له خێزانه ئاواره‌كانی شاری كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه، كه به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه ناوچه‌كانی خۆیان چۆڵكردووه.
پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووكیش به‌شێكی دیكه‌یه له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كه جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كردووه‌ته‌وه كه له هه‌مان واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق به‌رێوه‌بچێت.
به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق، یاسای ژماره‌ی 2ی ساڵی 2016ی ده‌زگای شه‌هیدی عێراقی هه‌موارده‌كرێته‌وه و سه‌رجه‌م كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ماف و شایسته‌كانی ئه‌و یاسایه سوودمه‌ند ده‌بن.
هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی حكومه‌تی عێراق به جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری ئاسایش و ئارامی ئه‌و شاره، له كارنامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، پابه‌ندبوونی حكومه‌تی عێراق بۆ دابینكردنی بوودجه‌ی تایبه‌ت به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه زیانیان پێگه‌یشتووه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، كه له‌م خاڵه‌شدا ئاماژه به سوودمه‌ندبوونی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه.