گه‌شتێكی ئاسمانی كۆمپانیای فڵای به‌غداد دڵه‌ڕاوكێ لای سه‌رنشینه‌كانی دروستده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكییه‌وه گه‌شتێكی ئاسمانی فڕۆكه‌یه‌كی كۆمپانیای فڵای به‌غداد، چه‌ند كاتژمێرێك دواده‌كه‌وێت و دڵه‌ڕاوكێ لای سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه دروستده‌كات.
راگه‌یاندنكار ئه‌نمار عه‌بدولستار ئیبراهیم، كه یه‌كێك بوو له سه‌رنشینه‌كانی ئه‌و فڕۆكه‌یه به كوردستان24ی راگه‌یاند، كاتژمێر 10ی شه‌وی (29ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، بڕیاربوو فڕۆكه‌كه‌ی كۆمپانیای فڵای به‌غداد له فڕۆكه‌خانه‌ی ئیسته‌نبوڵه‌وه به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بفڕێت، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكییه‌وه زیاتر له پێنج كاتژمێر گه‌شته‌كه‌یان دواكه‌وتووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، فڕۆكه‌كه كێشه‌ی ته‌كنیكی هه‌بوو له‌رووی كارنه‌كردنی هه‌ردوو سیسته‌می كاره‌با و فێنككه‌ره‌وه‌ی ناو فڕۆكه‌كه، كه به‌هۆی نه‌بوونی هه‌ناسه‌ی پاكی پێویسته‌وه، دۆخی ته‌ندروستی چه‌ند سه‌رنشینێك تێكچوو، بۆیه له‌سه‌ره‌تادا ستافی فڕۆكه‌كه گه‌شته‌كه‌یان راگرت تا چاككردنی سیسته‌می ساردكه‌ره‌وه‌ی ناو فڕۆكه‌كه به‌ڵام كێشه‌ی كاره‌بای فرۆكه‌كه‌یان چاكنه‌كرده‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌هۆی تاریكی ناو فڕۆكه‌كه‌وه، سه‌رنشینه‌كان رووناكی مۆبایله‌كانیان بۆ رووناككردنه‌وه به‌كارده‌هێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر به سه‌رنشینه‌كانه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه داوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای فڕۆكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌وكاته‌ی فڕۆكه‌كه وه‌ستاوه.
راگه‌یاندنكار ئه‌نمار عه‌بدولستار ئیبراهیم، باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی كۆمپانیای فڵای به‌غداد نزیكه‌ی 250 سه‌رنشینی له‌خۆگرتبوو، كه به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌و كێشه ته‌كنیكییه‌وه زیاتر له 60 سه‌رنشین ره‌تیانكرده‌وه له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌كه گه‌شتبكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیای ناوبراوه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی ئیسته‌نبوڵ قه‌ره‌بووی ئه‌و گه‌شته‌یان بۆ بكرێته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌حمه‌د وشیار، به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به كوردستان24ی راگه‌یاند، كێشه‌ی ته‌نكیكی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی كۆمپانیای فڵای به‌غداد له فڕۆكه‌خانه‌ی ئیسته‌نبوڵ بووه و تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه ته‌كنیكییه‌كانیشی بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك گه‌شته‌كه‌یان له ئیسته‌نبوڵ دواكه‌وتووه تا ئه‌وكاته‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و سه‌لامه‌ت له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر نیشتووه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده، دابینكردنی سه‌لامه‌تی گه‌شته‌كان، و توندوتۆڵی فڕۆكه‌كان و رێكخستنی گه‌شته ئاسمانییه‌كانی كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه عێراقی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقییه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌شێك له سه‌رنشینه‌كان، داوای به‌دواداچوونیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای رێكخه‌ری ئه‌و گه‌شته ئاسمانییه‌ی نێوان ئیسته‌نبوڵ و هه‌ولێر كردووه به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووكردنه‌وه و رێگریكردن له هه‌ر مه‌ترسییه‌ك له داهاتوودا رووبدات له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه ته‌كنیكییانه.