یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بەیاننامەیەک لەبارەی ئێران رەتدەکاتەوە
"بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لە تاوانە گەورەکانە"
K24 - سلێمانی:
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان داوا لە حکومەتی ئێران دەكات بە شێوازی ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان بكات جەختیشدەکاتەوە کە "بەکارهێنانی توندوتیژی لە تاوانە گەورەکانە".
نووسینگەی راگەیاندنی یەکێتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هەر جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژییەك بۆ سەر رۆح و ماڵ و سامان و نامووسی خۆپیشاندەران سەرکۆنە دەكات و دووپاتیدەكاتەوە كە پارێزگاری لەو پرەنسیپە گشتییانە لە گرنگترینی مەبەستەكانی شەریعەتی شكۆمەندە".
یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەو بەیاننامەییە رەتدەکاتەوە كە بە ناوی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بڵاوكراوەتەوە و دەڵێت، "ساختەیە و دراوەتە پاڵ یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان". کە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "یەکێتییەکە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە دەكات كە لە ئێستادا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەگوزەرێن، هاوكات ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لە دەستدرێژیكردنە سەر پیاوانی ئاسایش و كارمەندانی دەوڵەت، جەختیش دەكات كە كۆماری ئیسلامی مافی خۆیەتی بەرگری بكات لە خۆی..".
دەشڵێت: "یەكێتییەکە پێداگرە كە مافی رادەربڕین بۆ هاوڵاتیان لە رووی شەرعەوە مافێكی پارێزراوە و دەبێت رێزی لێبگیرێ، كەشوهەوای لەباری بۆ بڕەخسێنرێ. لە هەمانكاتدا نابێت خۆپیشاندانەكان بكرێنە بیانوویەك بۆ دوژمنكاریی و دەستدرێژیكردنە سەر ڕۆح و گیانی كەسەكان و بۆ سەر ماڵ و موڵكی گشتی یان تایبەت".
یەكێتیەکە ناڕازیی لە هەموو كارە توندوتیژییەكانی ئێران دەردەبڕێت و "ڕیسوایان دەكات" و جەختدەکاتیەوە:"ئەو جۆرە كارانە بە گوناهە گەورەكان ئەژمار دەكات، ئەوەش بە پێی دەقەكانی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پاكو بێگەردی پێغەمبەرایەتی".
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسوڵمان لە هەمانكاتدا داواشی لە خۆپیشاندەران کردووە پابەندبن بە شێوازی ئاشتییانە و پارێزگاری لە ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەت بكەن.