شاندێكی باڵای سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته‌ توركیا

ئاڵای كۆماری توركیا
ئاڵای كۆماری توركیا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ شاندێكی باڵای سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته‌ توركیا.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و شانده‌ باڵایه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌ربازی سوپای توركیا كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هاتووه‌: لایه‌نی توركی و ئه‌مه‌ریكی باس له‌ چه‌ند پرسێك ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ په‌یوه‌ندی نێوانیان، پێشهاته‌كانی ره‌وشی ئۆكرانیا، پێشوه‌چوونه‌كانی ده‌ریای ئیجه‌ و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، دۆسیه‌ی سووریا و چه‌ند پرسێكی دیكه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، وه‌زیری به‌رگری توركیا، خلووسی ئاكار، رایگه‌یاند، كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئاستی باڵادا له‌ نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌.

ئاكار گوتیشی: هه‌وڵه‌كانمان چڕ كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی كاركردن به‌ رێككه‌وتنی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ درێژ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ 19ی ئه‌م مانگه‌دا كۆتایی دێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، رێككه‌وتنی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ ده‌كرێت سه‌ربكێشێت بۆ گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا و راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و گفتوگۆكردن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان له‌ رێگه‌ی دیپلۆماتییه‌وه‌.