دەنگدەرانی ئەمەریکا دەنگ بە کاندیدێکی کۆچکردوو دەدەن

کاندیدێکی کۆچکردوو لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت

تۆنی دیلۆکا لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
تۆنی دیلۆکا لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

K24 - هەولێر:

بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، بەربژێرێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و جارێکی دیكه‌ وەک ئەندامێکی پێنسلڤانیا سەرکەوتووەتەوە، بەڵام نزیکەی مانگێکە کۆچی دواییکردووە.

تۆنی دیلۆکا کاندیدی دیموکراتەکان بوو، نوێنەرایەتی یەکێک لە شارەکانی دەوروبەری پیتسبورگی دەکرد، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە و کاتەکەشی درەنگ بووە بۆیە نەتوانراوە ناوەکەی لە لیستی بەربژێران لابدرێت.

دیلوکا توانی سەدا 85ـی دەنگەکان بەدەستبێنێتەوە، بە گوێرەی راپۆرتێکی فرانس پرێس، جارێکی دیکە هەڵبژاردنێکی تایبەت بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو پەرلەمانتارە کۆچکردووە دەکرێت.

لەو بارەیەوە پارتی دیموکراتی پێنسلڤانیا لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، هەست بە دڵتەنگی دەکەن کە تۆنی دیلۆکایان لەدەستداوە، بەڵام لە هەمانکاتدا شانازی بەوەدەکەن کە کاندیدێکیان جێگەی باوەڕی دەنگدەران بووە و پابەندی بەهاکانی دیموکراسی بووە.

دوێنێ سێشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2022) هەڵبژاردنی نیوەی یەکەم بۆ کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەستیپێکرد و دەیان ملیۆن هاووڵاتی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

کۆمارییەکان زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوینەرانیان مسۆگەر کردووە و بە جیاوازییەکی زۆر کەم لەسەر زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانیش کێبڕکێیەکی توند لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان هەیە.

Fly Erbil Advertisment