گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە  

وەزارەتی کارەبا: بە دانانی سیستەمی پریپەید کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری

K24 - سلێمانی:

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید، کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، تا ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە، دوو شوێن لە هەولێر و دوو شوێن لە سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک".

سەبارەی بە نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە پێگەی فەرمی حکومەتی رایگەیاندووە: ''هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبا بۆ ماڵان دوو سەنتە. لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی 24 کاتژمێری دەدات.''

بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی پریپەید تا ئێستا لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی  هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ ستی لە دهۆک و  چوار ستی و عه‌لوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.

کامیل قەزاز گوتی، "لە بازاڕی لەنگەی هەولێر 1500 هاوبەشی کارەبا، بە سیستەمی پریپەید کارەبایەکی 24 کاتژمێریان هەیە و تێچووەکەشی لە سەریان کەمتر بووەتەوە". 

بەپێی ئەو ئامارانەی بریکاری وەزارەتی کارەبا خستیەڕوو، لە بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ ستی بە گشتی 9300 هاوبەشی کارەبا، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە و پارەیەکی کەمتریش بەراورد لەگەڵ بەر لە دانانی سیستەمەکە بە کرێی کارەبا دەدەن.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە: "لە قەیوان ستی و پاشا ستی، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبای هەزار و 483 هاوبەش کراونەتە پریپەید، لە بەرزاییەکانی سلێمانی هەزار و 44 هاوبەش و لە بەرزاییەکانی قەیوان هەزار و 30 هاوبەش و لە بازاڕی عەلوە 351 هاوبەش بە سیستەمی پریپەید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

بەوپێیەش تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بە گشتی 3 هەزار و 908 هاوبەش  بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبایەکی 24 کاتژمێریان دەبێت.

سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا، "ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون".

Fly Erbil Advertisment