عێراق بۆ خاچی سوور: هاوشێوه‌ی هه‌ولێر هاوكارییمان بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق داوا له خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات سه‌نته‌ری شیاندن بۆ خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه، پارێزگاكانی عێراق دابمه‌زرێنێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق له په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌كانی خولی 346ـه‌مینی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی له جنێڤ، داوای له خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كردووه بۆ دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان، هاوكارییان بكه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایگه‌یاندووه، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی داوایكردووه، خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی هاوكارییان بكات له كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری شیاندن بۆ خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شاری هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ئه‌سه‌دی بۆ پشتیوانیكردن له خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان و جه‌ختكردنه‌وه له باشكردنی شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و توێژه و دابینكردنی په‌لی ده‌ستكرد بۆ منداڵان و ژنانی خاوه‌ند پێداویستی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها دابینكردنی پشتیوانی ده‌روونی بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان، داوای هاوكاری له‌و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه كردووه.