سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا په‌یامێك ئاراسته‌ی سوودانی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ریشی سوناك، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له په‌یامێكدا پیرۆزیایی له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات به‌بۆنه‌ی وه‌گرتنی پۆسته نوێیه‌كه‌ی.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 12ـی تشرینی دووه‌می 2022، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه، ریشی سوناك، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا په‌یامێكی ئاراسته‌ی سوودانی كردووه و پیرۆزبایی لێكردووه به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق و پێكێهنانی كابینه‌كه‌ی.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا هاتووه: له په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا جه‌ختی له به‌یه‌كه‌وه كاركردن و به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و به‌ریتانیا كردووه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له په‌یامه‌كه‌یدا، ریشی سوناك پابه‌ندی به‌ریتانیا به‌كاركردن له‌گه‌ڵ عێراق له بواره‌كانی ئابووری، بهڕهوپێشردنی كه‌رتی تایبه‌ت، پاڵپشتیكردن له سه‌قامگیری عێراق و پاڵپشتیكردنی حكومه‌تی نوێی عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی دووپاتكردووه‌ته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه راسپێردرا بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، وه‌ك كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، رۆژی پێنجشه‌ممه 27ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، كارنامه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی و (21) وه‌زیری كابینه‌كه‌ی له دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌یان پێبه‌خشرا و وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق هه‌ڵبژێردرا.