بۆ زانینی هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی مێردمنداڵێك داواكاری گشتی لیژنه‌یه‌كی پێكهێنا

ئه‌و مێردمنداڵه‌ی كه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار گیانی له‌ده‌ستدا
ئه‌و مێردمنداڵه‌ی كه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار گیانی له‌ده‌ستدا

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان، به‌دواداچوون بۆ رووداوی گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و مێردمنداڵه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار گیانی له‌ده‌ستدا.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 13ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، یەکەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بۆ زانینی راستی رووداوه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گیانله‌ده‌ستدانی مێردمنداڵێك له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار، دادوه‌ر كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسووم سه‌رۆكی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی پێكهێناوه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆكی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان، داوای له‌ لیژنه‌كه‌ كردووه‌، له‌ ئه‌نجامه‌كان ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی گشتی سلێمانی و داواكاری گشتی تایبه‌تمه‌ند له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار بكرێت.

دوای ئه‌وه‌ی مێردمنداڵێك به‌هۆی شه‌ڕكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێت، پاشان راده‌كات و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ دووباره‌ ده‌ستگیرده‌كرێته‌وه‌ و به‌ گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ "بنكه‌ی پۆلیس لێیدراوه‌ و دواجار گیانیله‌ده‌ستداوه‌".

بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ومێردمنداڵه‌ داوا ده‌كه‌ن "لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌ بكرێت و راستی هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی بۆ رای گشتی روونبكرێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ به‌یانیش بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و مێردمنداڵه‌ له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ كوڕه‌كه‌یان "خنكێندراوه‌".