محەممەد بازیانی: کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە

"کۆمیسیۆن داوایکردووە کۆنگرە ئەنجامبدرێتەوە"

محه‌ممه‌د بازیانی
محه‌ممه‌د بازیانی

K24 – سلێمانی:

محەمەد بازیانی گوتەبێژی ئەو باڵەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کە کامیل حاجی عەلی سەرپەرشتی دەکات رایگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵوەشاندووەتەوە، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجامدراوە و پێویستە بە زووترین کات، کۆنگرەکە دووبارە بکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (15ی تشرینی دووەمی 2022)، ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی (کامیل حاجی عەلی) کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، کەمال سازانی، پارێزەری یاسایی ئەو باڵەی بزووتنەوە گوتی: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێیان راگەیاندووین، کەوا ئەنجامی کۆنگرەی رۆژی 5ـی شوباتی 2022ـی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە".

کەمال سازانی ئاماژەی بەوەشدا، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆنگرە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ ئه‌وه‌ دەگەڕێتەوە  كه‌ "ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دروستی لە کۆمیسیۆن تۆمارنەکراوە و رێژەی یاسایی ئەندامان لە کۆنگرەدا ئامادە نەبوون و رابەر دەستنیشاننەکراوە، بۆیە کۆمیسیۆن داوایکردووە بە زووترین کات، کۆنگرە رێکبخەین و تیمی کۆمیسیۆن سەردانمان بکات بۆ چاودێریکردنی کارەکانی کۆنگرەکە".

هەروەها ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ کۆبووەتەوە و بڕیاردرا لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە دەستبەکاربێتەوە، بۆ ئامادەکاریکردن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نوێ و پێداچوونەوەی پەیڕەو و پرۆگرام و تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکانی سەرکردایەتی.

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا، محەمەد بازیانی کە خۆی وەک گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان باڵی (کامیل حاجی عەلی) ناساند گوتی: "لە چوارچێوەی داواکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ دووبارەکردنەوەی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە ماوەی داهاتوودا کاتی ئەنجامدانی کۆنگرە دیاری دەکرێت".

محەمەد بازیانی باسی لەوەشکرد، کە "کارەکانی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) و بەشێک لەو کەسانەی لە بزووتنەوەدان پێشێلکارییە، مۆری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش لەلای (کامیل حاجی عەلی)یە، چونکە ئەو سەرپەرشتی مەکتەبی سیاسی کردووە و نوسراوەکانی حزبەکە ئەو دەریکردوون".

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (رۆژی 5ی شوباتی 2022) کۆنگرەی 12 هەمینی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، لە کۆنگرەکەدا تەنیا (کامیل حاجی عەلی) کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە.

Fly Erbil Advertisment