مه‌سرور بارزانی: وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران مامه‌ڵه ده‌كه‌م نه‌ك نوێنه‌ری پارتێكی سیاسی

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر كاركردنی كابینه‌كه‌ی بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وێڕای چه‌ندین هه‌وڵی نایاسایی له‌دژی هه‌رێمی كوردستان، چاوه‌ڕوانیمان له حكومه‌تی نوێی عێراق هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوانماندایه.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (17ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێلێکی سێیەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له دهۆك، رایگەیاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تێكی روون په‌یڕه‌و ده‌كات كه ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، هیچ بیانوویه‌ك بۆ هێرشه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نییه و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقه.
ئالنگارییه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌ی نۆیه‌م
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له (ته‌مموز/یۆلیۆی 2019) رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئالنگاریی بووه‌وه، له پانێله‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به به‌شێك له ئالنگارییه‌كان كرد، له‌وانه‌ش په‌تای كۆڕۆنا، دابه‌زینی نرخی نه‌وت، كێشه‌ی بڕینی بودجه و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه، به‌ڵام كارنامه‌یه‌كی گشتگیر و باشیان بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م داڕشتووه و توانیویانه به‌سه‌ر زۆربه‌ی ئالنگارییه‌كاندا زاڵ‌بن.
روونیكرده‌وه، هه‌رچه‌نده نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌ڵام به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه، هه‌موو جیهان رووبه‌ڕووی قه‌یرانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خوارده‌مه‌نی بووه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش دروستكردووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و ئالنگارییانه‌ی رووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێم بوونه‌وه، نه‌ك نه‌یانتوانی رایانبگرێت، به‌ڵكو بووه ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی كاری باشتر و چاكسازی باشتر ئه‌نجامبده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی، چاكسازی كارێكی ئاسان نییه و پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه، سوپاسی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد بۆ پشوودرێژییان، و له‌و باره‌یه‌وه‌ش رۆڵی كه‌رتی تایبه‌تی به‌رز نرخاند.
په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر روونه كه داوامانكردووه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی دراوسێ هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش. زیاتر گوتی، هیچ بیانوویه‌ك بۆ بۆردوومانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نییه و پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری عێراقه.
سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەكانی ئێران بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەکرد، پێویستە ئێران کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکات و پەنا نەباتە بەر توندوتیژی و هاوێشتنی مووشەک.
مه‌سرور بارزانی گوتیشی، ئێمه له گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و ئاڵۆزییه‌كانی ناوخۆی ئێران تێده‌گه‌ین، به‌ڵام نابێت ئاڵۆزییه‌كان بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازنه‌وه و پێویسته كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێن، داواشی كرد هه‌موو وڵاتانی دراوسێ رێز له سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگرن و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كدا كاربكه‌ن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هه‌موو وڵاته هاوبه‌شه‌كانمان ئیدانه‌ی هێرشه‌كانییان كردووه و پشتیوانی ئێمه‌یان كردووه بۆ پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه و داوایانكردووه كێشه‌كانمان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكه‌ین.
خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان بناغه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ته
هه‌ر له پانێڵه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، كه كارنامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندیان هه‌یه بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، گوتیشی، پێویسته حكومه‌ت كاری زیاتر بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان بكات و روونیكرده‌وه، له هه‌وڵی به‌رده‌وامدام بۆ به دیجیتاڵكردنی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان كه پێویستی به وه‌به‌رهێنانی زیاتره بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ژێرخانی ئه‌و پرۆسه‌یه.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ترس له خیانه‌ت، تێڕوانینی هه‌ڵه بۆ حكومه‌ت، فێڵكردن و جیانه‌كردنه‌وه‌ی راستی له هه‌ڵه، یه‌كێكن له گه‌وره‌ترین ئالنگارییه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتن له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی، پێویسته به یه‌كگرتوویی ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنین و كاریگه‌ری له‌سه‌ر شكاندنی تێڕوانینه نه‌رێنییه ده‌ره‌كییه‌كان بكات.
به پێویستیشی زانی حكومه‌ت زیاتر له هاووڵاتیان نزیكبێته‌وه و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكات و به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بچێت.
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا
گۆڕانی كه‌شوهه‌وا وه‌ك پرسێكی جیهانی، جێگه‌ی گرنگیپێدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه و ئه‌مه‌ش له‌میانی گوته‌كانی سه‌رۆكی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پانێله‌كه‌یدا له كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌روونی باسی لێوه‌كرا و روونیكره‌وه، وشكه‌ساڵی و ئالنگاری ئه‌منی و سیاسی، هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ كۆچی هاووڵاتیان بۆ شوێنێكی دیكه و ئه‌م پرسه‌شی به كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وه‌سفكرد.
سه‌باره‌ت به پرسی ئاو، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ماهه‌نگبن و پێكه‌وه كاربكه‌ن له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه.
پرسی چاكسازی و سه‌رچاوه‌كانی داهات
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسی چاكسازی و فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له پێشه‌نگی كاره‌كانی بووه و له‌میانی گوته‌كانی سه‌رۆكی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تێڕوانین و سیاسه‌تی كابینه‌كه‌ی له‌باره‌ی پرسی چاكسازییه‌وه روونكرایه‌وه، كاتێك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و پرۆسه‌یه كۆتایی نییه و پێویستی به به‌رده‌وامییه، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه كه كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌وڵی ته‌واوی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و پشتنه‌به‌ستن به یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات.
سه‌باره‌ت به فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هه‌رێمی كوردستانیش، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی ده‌دات به سێكته‌ره‌كانی گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ به‌تایبه‌تی بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و باسی له به بازاڕكردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه خۆماڵییه‌كان كرد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌ك به‌شێك له‌و پلانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم.
هه‌روه‌ها به دیجیتاڵكردنی مامه‌ڵه داراییه‌كانی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له چاودێری و كۆنترۆڵكردنی خه‌رجییه‌كان باسكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، روونیكرده‌وه، به دیجیتاڵكردنی راییكردنی مامه‌ڵه‌كان، پرسی گه‌یشتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان خێراتر ده‌كات.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌كه‌ی كرد له‌و باره‌یه‌وه، كه پلانی هه‌یه تا كۆتایی ساڵی 2025، كاره‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه كۆتایی بێت و كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و زیادكردنی وه‌به‌رهێنان دروست ده‌كات.
له به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكانی پانێڵه‌كه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به دامه‌زراندن سه‌نته‌ری داتای حكومه‌ت كرد، كه ده‌بێته پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ ئه‌وانه‌ی كه بڕیارده‌رن و رایگه‌یاند، پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕیارده‌ده‌ن پشت به داتا و زانیاری ببه‌ستن، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر
هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی له ناوچه‌كه، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌سرور بارزانی گوتی، به‌شێك له‌و نیگه‌رانییه‌ی هه‌یه‌تی په‌یوه‌ندی به پرسی توندڕه‌وی و تیرۆره‌وه هه‌یه و رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا مه‌ترسی داعش و گروپه چه‌كداره‌كان له ناوچه‌كه‌دا ماوه.
سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان به گرنگییه‌وه باسی له مامه‌ڵه‌كردنی به‌رپرسیاریانه كرده‌وه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی تیرۆر و رایگه‌یاند، پێویسته هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئالنگاری تیرۆر زیاتربێت و ئاماژه‌شی به پێكهێنانی لیوا هاوبه‌شه‌كان كرد بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له‌نێوان هێزه‌كانی هه‌ردوولادا هه‌یه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی ته‌نها به رێگه‌ی سه‌ربازی ناكرێت، به‌ڵكو پێویسته ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ره‌خساندنی هه‌لی كار له هه‌موو ناوچه‌كانی عێراق باشبكرێت، له‌گه‌ڵ جێگیركردنی سه‌قامگیری ئاسایشی ناوچه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕه‌وی كه‌مبكرێته‌وه.
دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز
یه‌كێك له دۆسییه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی بریتییه له دۆسییه‌ی نه‌وت و غاز، كه داواكاری به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستان له حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا، پرسی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسییه‌یه بووه له‌رێگه‌ی یاسایه‌كی فیدراڵییه‌وه بۆ پاراستنی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له پانێله‌كه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری دۆسییه‌ی نه‌وت و غاز له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، جه‌ختی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور وه‌ك خۆی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتی، نابێت عێراق و هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به نه‌وت ببه‌ستن.
مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانی كابینه‌كه‌ی كرد له سێكته‌ره‌كانی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی كه به‌روپێشچوونی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه جیاواز له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، وێڕای چه‌ندین هه‌وڵی نایاسایی له‌دژی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ عێراقدا نابێت شه‌ڕ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی داهات بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی ده‌كات، به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاته.
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی نێردراوی كوردستان24دا، كه ئایا گه‌ره‌نتی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چییه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامدا گوتی، "بێگومان ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ ئەم حکومەتە، پێم وانییە ئەوە بیرکردنەوەی ژیرانەبێت ئەگەر ئێستا گومانمان لە نیەتی ئەم حکومەتە هەبێت، با کاتیان پێبدەین و بەگومان نەبین، باببینین شتەکان چۆن دەچنە پێش و دواتر رەنگە بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بۆئەوەی بزانین هیچ بەرەوپێشچوونێک دەبینین، بۆیە لە ئێستا پێم وانییە ژیرانەبێت هیچ شتێک بڵێین، پیویستە متمانەمان بەخۆمان هەبێت کە پەیوەندی هەرێم و بەغدا بەرەوپێشەوە دەچێت و حکومەتی فیدراڵی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت كه لەگەڵمان هەیەتی".
سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، روونیكرده‌وه پێداویستی ناوخۆ بۆ دابینكردنی كاره‌با و به‌كارهێنه‌رانی ناوخۆ له‌به‌رچاو ده‌گرن و دوای ئه‌وه ده‌یانه‌وێت غازیش هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ن، گوتیشی، "ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، كه نرخی سووته‌مه‌نی بۆ ئه‌وروپا بووه‌ته پرسێكی گرنگ".
له‌باره‌ی هەبوونی کۆمپانیا رووسییه‌كانی بواری وزە لە هەرێمی كوردستان لەم کاتەکەدا کە رووسیا سزای بەسەردا سەپێندراوە، سەرۆکی حکومەت ئەوەی خستەروو، هەبوونی کۆمپانیا رووسییەکان نەبووەتە کێشە، چونکە کۆمپانیاكان هیچ جۆرە پێشێلکارییەکی ئەو سزایانەیان نەکردووە كه بەسەر وڵاته‌كه‌یاندا سەپێندراوە.
دابینكردنی هه‌لی كار
دابینكردنی هه‌لی كار یه‌كێكه له هێڵه‌گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، له نووسینگه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ندین كارساز كاریانكردووه بۆ دابینكردنی هه‌لی كار و باسی له دامه‌زراندنی په‌یمانگه‌ی داهێنان و نوێگه‌ری كرد بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی بیرۆكه‌ی داهێنه‌رانه‌یان هه‌یه، كه هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ش له‌پێناو زیادكردنی هه‌لی كاره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، پلانیان هه‌یه، هاوكاری زیاتری كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كاری زیاتر بڕه‌خسێنن بۆ هاووڵاتیان.
پرسی رۆژئاوای كوردستان
سه‌باره‌ت به دۆخی رۆژئاوای كوردستان، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هیچ گه‌ره‌نتی و رێككه‌وتنێكی سیاسی نییه بۆ داهاتوو، ته‌نانه‌ت هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه بۆ پرسی رۆژئاوای كوردستان نییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌ستوه‌ردانی هێزی ده‌ره‌كی به‌هۆكاری ئاڵۆزی ناوچه‌كه دانا و به پێویستی زانی لایه‌نه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه به هه‌ماهه‌نگی كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ن و خاوه‌ن پڕۆژه‌ی خۆیانبن بۆ به‌ره‌وپێشچوون، ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ هه‌ماهه‌نگی.
پۆستی جێگری سه‌رۆكی پارتی
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی به جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنگره‌ی 14ی پارته‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، "من هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران مامه‌ڵه بكه‌م، نه‌ك وه‌ك نوێنه‌ری پارتێكی سیاسی، پێگه‌ی من له پارته‌كه‌م په‌یوه‌ندی به كاره‌كه‌مه‌وه نییه، من سه‌رۆك وه‌زیرانم و ئه‌مه‌ش ئه‌مڕۆ كاری منه".
زیاتر گوتی "به‌ڵام پێویسته بڵێم پارته‌كه‌م زۆر پشتیوانمه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كێ له كوێیه. به‌ڵام سیاسه‌تی پارته‌كه‌م زۆر روونه، سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌م و ئه‌ندامانی هه‌میشه زۆر پشتیوانن و هاوكاریم ده‌كه‌ن له‌وه‌ی پێویستمه و ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتیانه نه‌ك ته‌نها پارته‌كه‌م".
ململانێی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
ململانێی هێزه زلهێزه‌كان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی وڵاتانی جیهان هه‌یه له‌رووی دابه‌شكاری سیاسی له‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌كانی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه‌ش مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه، "كاتێك ئێمه باسی هاوڕێ ده‌كه‌ین، هاوڕێ هه‌ر هاوڕێیه و ئێمه ناتوانین جیاوازی بكه‌ین له‌نێوانیاندا، بۆیه هیوادارین ئه‌وانیش له‌نێوان خۆیاندا هه‌ماهه‌نگبن".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به ئاشتی و په‌یوه‌ندییه‌كی باشه له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته‌كان، هه‌روه‌ها پێشوازی له ده‌ستپێشخه‌ری هه‌ر لایه‌ن و وڵاتێك ده‌كه‌ن كه هاوڕێیه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌وێت.
به‌شداری ئافره‌ت له ده‌سه‌ڵات
له‌باره‌ی به‌شداری ئافره‌ت له ده‌سه‌ڵات، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه، رێژه‌ی به‌شداری ئافره‌ت له ده‌سه‌ڵات نابێت به كۆتا هه‌ژماربكرێت، به‌ڵكو پێویسته به‌پێی رێژه‌ی ئافره‌ت بێت له كۆمه‌ڵگه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌سرور بارزانی سه‌باره‌ت به دیاریكردنی كۆتای ئافره‌تان روونیكرده‌وه، كۆتا تا ئه‌و كاته‌یه كه یه‌كسانی جێنه‌ده‌ریی له كۆمه‌ڵگه بگاته ئاستی پێگه‌یشتن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته توانا پێگه‌ی كه‌سه‌كان دیاریبكات، ئه‌گه‌ر ئافره‌تی زۆر به‌توانا هه‌بوو با له‌پیاو ده‌سه‌ڵاتی زیاتر هه‌بێت.
دۆخی شنگال و ئێزدییه‌كان
له كۆتایی گوته‌كانیدا له پانێلی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال ئاماژه‌ی به رێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنیشی خسته ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئاماژه‌ی به چه‌ندین ئالنگاری كرد كه بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه.
هه‌روه‌ها گوتی، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق رێككه‌وتنمان هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه و پێویسته ده‌رفه‌تی زیاتر به یه‌كتری بده‌ین و چاوه‌ڕێ بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به له‌خۆگرتنی ئاواره ئێزدییه‌كان، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌وان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا هه‌ڵاتوون و له هه‌رێمی كوردستان كه‌مپیان بۆ كراوه‌ته‌وه و پارێزگاری‌یان لێده‌كرێت، گوتیشی، شەرمە خەڵک لەژێردەسەڵاتی حکومەتی عێراق هەڵبێن بۆ هەرێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها گوتی، له زه‌حمه‌تی ژیانی كه‌مپه‌كان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئه‌ركی به‌غدایه كاربكات بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانیان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌غدا له بری دابینكردنی بودجه بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشی بڕیوه، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی له به‌رده‌ستمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌شمان كردووه.