سه‌رۆكی کۆریای باكوور: وەڵامی ئەتۆم بە چەکی ئەتۆمی دەده‌ینه‌وه‌

كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكوور
كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكوور

K24 – هه‌ولێر:

كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكوور، لە کاتی چاودێریکردنی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی کیشوەربڕ هواسۆنگ -17 رایگەیاند، وەڵامی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەمه‌ریکا بە چەکی ئەتۆمی دەدەینەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە روونی ئاماژەیداوە، ئەگەر دوژمنەکانیان بەردەوامبن لە دروستکردنی مەترسی بۆسەر وڵاتەکەیان، ئەوا پارت و حکومەتەکەی بە هەموو توانایانەوە وەڵامی ئەتۆم بە چەکی ئەتۆمی دەدەنەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هواسۆنگ-17 مووشەکێکی کیشوەر بڕە و بەهێزترین چەکی ستراتیژی ئەتۆمییە لە جیهاندا.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سوپای كۆریای باشوور، رۆژی هه‌ینی رابردوو كۆریای باكوور مووشه‌كێكی بالستی دوورمه‌ودا (كیشوه‌ربڕ)ـی تاقیكردووه‌ته‌وه‌.

فۆمیۆ كیشیدا سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، كاره‌ هه‌راسانكاره‌كانی كۆریای باكوور به‌رده‌وامن، ترس له‌وه‌ هه‌یه‌ واشنتن كاردانه‌وه‌ی توندی له‌به‌رامبه‌ر كۆریای باكوور هه‌بێت.

كیشیدا هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، "مووشه‌كه‌كانی كۆریای باكوور ده‌گه‌نه‌ كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكا". داواشیكرد چه‌كی بیونگ یانگ دابماڵدرێت.