ئێران داوای چه‌ك داماڵینی هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی ئێران له عێراق داوای له حكومه‌تی عێراق كردووه، كۆنترۆڵی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ی بكات و هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش له هه‌رێمی كوردستان له چه‌ك دابماڵن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، میدیا عێراقییه‌كان له محه‌مه‌د كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران له به‌غدایان گواستووه‌ته‌وه، تاران داوای له به‌غدا كردووه، كۆنترۆڵی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران بكات.
باڵیۆزی ئێران له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، داوایان له حكومه‌تی عێراق كردووه، هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان له چه‌ك دابماڵن و وه‌ك په‌نابه‌ر بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ كه‌مپه‌كان.
محه‌مه‌د كازم ئال سادق، باسی له‌وه‌شكردووه، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتوونه سه‌باره‌ت به راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكراوانه‌ی كه له‌لایه‌ن دادگاكانی هه‌ردوو وڵاته‌وه داواكراون.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه.
هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.