ئەمەریکا: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین

"هێرشە هەڕەمەکییەکانی ئێران پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراقە"

K24 - هەولێر:

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد.

جەنەراڵ مایکل ئێرێک کەریلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تویتێکدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین.

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا هێرشەکانی ئێران بە نایاسایی لە قەڵەم دەدات و ئاماژە بەوە دەدات، هێرشەکانی ئێران ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە و سەروەری خاکی عێراقی پێشێلکردووە.

ئاماژە بەوەشدرا، هێرشی لەمجۆرە، سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە.

كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای رۆژی دووشه‌ممه‌ (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، قه‌ڵای دیموكرات له‌ كۆیه‌، بنكەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە بانەگەور و زڕگوێز له‌ سلێمانی و كه‌مپی (جێژنیکان)ـی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ شاره‌دێی به‌حركه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر بۆردومانكران.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە، عه‌لی بوداغی، ئه‌ندامی رێبه‌ری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی ئێرانه‌وه‌ له‌ سنووری قه‌زای كۆیه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كیان به‌ناوی (به‌هزاد) شه‌هید بووه‌.‌

ئه‌م هێرشانه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر کەمپ و بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه‌ بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه‌.

هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.