ئەمەریکا: لە دۆخی مهاباد نیگەرانین
K24 – هەولێر
وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، "نیگەرانی" خۆی لە پەرەسەندنی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە مهاباد و دۆخی ئەو شارە، دەربڕی.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسی: زۆر لەو راپۆرتانە نیگەرانین کە باس لە فراوانبوونی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و بەتایبەت لە شاری مهاباد لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت کەسانی بەرپرسی ئەو رووداوانە وەڵامدەر بن و هاوکات بەردەوامین لە پشتگیری خەڵکی ئێران.
رۆژی 19ـی تشرینی دووەم، رێوڕەسمی باخاکسپاردنی کەمال ئەحمەدپوور کە لە خۆپێشاندانەکانی مهاباد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو، بەڕێوەچوو. ئەو رێوڕەسمە بوو بە خۆپێشاندانێکی فراوان.
هێزە ئەمنییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکە نیشاندا، دەنگی تەقەی بەردەوام لە زۆربەی گەڕەکەکانی مهاباد دەبیسترا و لە شەودا کارەبای بەشێک لە شار پچڕا.
بە پێی زانیاریی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیاکان بڵاوبوونەتەوە، هێزی تایبەت و زرێپۆش لە ناو شاری مهاباد جێگیرکراون.