ئەڵمانیا: داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت
K24 – هەولێر
کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەکرد و داوای لە حکومەتی تاران کرد، "دەستبەجێ" ئەو هێرشانە رابگرێت.
کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، دووپاتیکردەوە، "هێرشی چەندبارەی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتوندی سەرکۆنە دەکەین. ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقن بەرامبەر بە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق. داوا لە ئێران دەکەین، دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 21ـی تشرینی دووەم) سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە هێرشی درۆنی مووشەکی کردە سەر کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک هەولێر، کۆیە و دەوروبەری سلێمانی.
بە پێی بەیاننامەی فەرمی ئەو حزبانە، لەو هێرشانەدا تەنیا یەک کەس گیانی لەدەستداوە.
سوپای پاسدارانی ئێران زۆر بەخێرایی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتەئەستۆ و بیانووەکەشی، "دەستوەردان، هاندان و پشتگیری خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی شار و شارۆچکەکانی ئێران" لەلایەن ئەو حزبانەوەیە.
حزبی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە دەستوەردانی راستەوخۆی لە ناو خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت و دووپاتیکردووەتەوە، حکومەتی تاران لە ئاستی ناخۆدا گوشاری لەسەرە و بەردەوام لەو کاتانەدا، کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی بۆ دەرەوە هەناردە دەکات.