ناسر کەنعانی: ئێران وەڵامی هەڕەشەکان دەداتەوە

K24 – هه‌ولێر:
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگه‌یاند، وڵاتەکەی رێز لەسەروەری خاكی عێراق دەگرێت، بەڵام وەڵامی هەڕەشەی سه‌ر سنوورەکانی دەداتەوە.
بەگوتەی کەنعانی گرووپی چەکداری جیایی‌خواز لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، دەبێ عێراق بە پتەوکردنی سنوورەکانی، رێگری لەو گرووپانە بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای مافە یاساییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و لەناوخۆ و هاوکات رێگریکردن لە هەرەشەکان مامەڵە دەکات".
ده‌شڵێت: "ئێمە رێز لەسەروەری خاکی عێراق و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە دەگرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو گرووپە جیاخوازانەی عێراق و بەدیاریکراوی لە هەرێمی کوردستانن، بەر لەوەی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل بکەن، ئاسایش و سەروەری عێراقییان پێشێلکردووە".
هیواشی خواست دەوڵەتی عێراق بە پتەوکردن و پاراستنی سنوورەکانی، رێگری لە جموجۆڵی چەکداری ئەو گروپە جیاییخوازە چەکدارو تیرۆریستە بکات.
كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای رۆژی (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، قه‌ڵای دیموكرات له كۆیه، بنكەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە بانەگەور و زڕگوێز له سلێمانی و كه‌مپی كوردانی رۆژهه‌ڵات له شاره‌دێی به‌حركه له پارێزگای هه‌ولێر بۆردومانكرا.
ئه‌م هێرشانه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه سەرلەبەیانی رۆژی (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه.
هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.