جوتیار عادل: عێراق نه‌یتوانیوه تائێستا خاوه‌نی بڕیاری سیاسی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت

K24 – هه‌ولێر:
له‌باره‌ی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئێران بۆسه‌ر ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له سه‌روه‌ری خاك و گفتوگۆی ئاشتیانه ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانی به‌شداریكردن له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، ئه‌و هێرشانه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرن و حكومه‌تی هه‌رێم به‌توندی ئیدانه‌یان ده‌كات.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر گوتی: "كرده‌ی سه‌ربازی هیچ گرفتێك چاره‌سه‌ر ناكات و پێویسته له رێگه‌ی گفتوگۆی دیپلۆماسییه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن و هیچ كاتێكیش رێگه‌مان به هیچ لایه‌نێك نه‌داوه كه خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، جوتیار عادل دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له هه‌رێمی كوردستانن، به‌ر له دروستبوونی قه‌واره‌ی هه‌رێم وه‌ك په‌نابه‌ر لێره‌بوون و مانه‌وه‌یان له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ی به هیچ چالاكییه‌كی سه‌ربازیی ئه‌و لایه‌نانه نادات و چالاكی سیاسیش كارێكی ئاساییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كاره په‌یوه‌ست نییه ته‌نها به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێته سه‌رهێڵ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی له هه‌ڵوێستی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق كرد، له‌به‌رامبه‌ر هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌ی و گوتی: "تاكو ئێستا عێراق نه‌یتوانییوه خاوه‌نی بریاری سیاسی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت". هیوای خواست كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق جیاوازتر له كابینه‌كانی پێشووتر، هه‌ڵوێستی جددی هه‌بێت بۆ راگرتنی هێرشه‌كان و رێزنه‌گرتن له سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی.