هه‌رێم كه‌مال ئاغا: فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق له پرسه نیشتمانییه‌كان یه‌كگوتارن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غدا له پرسه نیشتمانییه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كگوتارن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (22ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌باره‌ی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یان بۆ تاوتوێكردنی پرسی تۆپباران و موشه‌كبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزی هێزه كوردییه‌كان له به‌غدا به كوردستان 24ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌غدا هیچ رێوشوێنێك نه‌گرێتبه‌ر كه‌مته‌رخه‌می و بێویژدانییه به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری عێراق.
سه‌باره‌ت به هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی توركیا و ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێم كه‌مال ئاغا روونیكرده‌وه، ئه‌و هێرشانه بووه‌ته بێزارییه‌كی زۆر و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق و مافه‌كانی مرۆڤه.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی كۆده‌نگی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه، گوتیشی، كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق جیاواز له كابینه‌كانی پێشووتر، پشتگیریی و كۆده‌نگی په‌رله‌مانی هه‌یه.
هه‌روه‌ها هه‌رێم كه‌مال ئاغا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له پرسه نیشتمانییه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كگوتارن، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی به تاكه ده‌رفه‌ت دانا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و زیان و ئه‌گه‌ره ناخۆشانه‌ی له به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستاندایه.
زیاتر گوتی، "هه‌موو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له رێگه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌مان ره‌تكرده‌وه چونكه ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێت به‌راستی پێشێلكارییه بۆسه‌ر خاك و جوتیارانمان، ئه‌و وڵاتانه كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌یه و ئێمه باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ین، ده‌بێـت ئه‌وه‌شیان قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت".