هه‌سه‌ده: داعش په‌لامارمان ده‌دات
ئاگر ته‌واوی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا ده‌گرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)، رایگه‌یاند، زانیاری هه‌واڵگری نوێیان له باره‌ی جووڵه‌ی چه‌كدارانی داعش به‌ده‌ست گه‌یشتووه.
فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده، مه‌زڵووم عه‌بدی رایگه‌یاند، زانیاریان ده‌ستكه‌وتووه، داعش به نیازه هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی توركیا، هێرش بكاته سه‌ر هێزه‌كانیان.
گوتیشی: ئه‌گه‌ر توركیا له رێی زه‌مینه‌وه هێرش بكات، ئاگر ته‌واوی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا ده‌گرێته‌وه.
ئاماژه‌ی دا، توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ هێرشكردنه سه‌ر كوبانێ و منبج و ته‌لڕه‌فعه‌ت.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌رپرسیارێتی پاراستنی سنووره‌كان ئه‌ركی سوپای سووریایه.
ئاشكراشیكرد، ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی توركیا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای سووریادا بكه‌ن.
له ئاكامی هێرش و بۆردومانه‌كانی توركیادا 14 مه‌ده‌نی و 16 شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده كوژراون، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده بڵاویكردووه‌ته‌وه.
توركیا ده‌یان بنكه‌ی ئه‌منی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ی بۆردومان كردووه.
ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی برێت مهكگۆركهوه به ره‌سمیی رایگه‌یاندووه، ئه‌وان رازی نین به هێرشه‌كانی توركیا.
مه‌زڵووم عه‌بدی، باسی له‌وه‌شكردووه، سووریا ئه‌ندامی كۆمكاری عه‌ره‌بییه و پێویسته میسر و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.