خەڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادیی دامەزراوەی تاهیر ئاڵچی پێشکەشی ژینا ئەمینی کرا

ژینا ئەمینی
ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

لە حەفتەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی تاهیر ئاڵچی پارێزەر و چالاکی کوردی باکووری کوردستان، یەکەم خەڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادیی دامەزراوەی تاهیر ئاڵچی، پێشکەش بە ژینا ئەمینی کرا.

تورکان ئاڵچی، هاوسەری تاهیر ئاڵچی، ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٨ـی تشرینی دووەم) لە رێوڕەسمێکدا، پێشکەشکردنی ئەو خەڵاتەی بە ژینا ئەمینی راگەیاند.

لە رێوڕەسمەکەدا، دوو بەڵگەفیلم لەسەر ژیانی تاهیر ئاڵچی و ژینا ئەمینی و رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران پێشکەش بە بەشداربووان کرا و دواتر پەیامی چالاکانی مافی مرۆڤ خوێندرایەوە.

تورکان ئاڵچی، هاوسەری تاهیر ئاڵچی

ژینا ئەمینی ٢٢ ساڵ، رۆژی ١٣ـی ئەیلولی ئەمساڵ بەبیانووی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئێرانەوە دەستگیراکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و تا ئێستاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە.

تاهیر ئاڵچی پارێزەری ناوداری کورد، رۆژی ٢٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ لە ناوچەی سووری دیاربەکر لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دۆسیەی کوشتنی ئەو پارێزەرە کوردە تا ئێستاش بەکراوەیی ماوەتەوە.

تاهیر ئاڵچی پارێزەر و چالاکی کورد