ئێران هاوکاری لەگەڵ لیژنەی دەرخستنی راستییەکان رەتدەکاتەوە

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکاری لەگەڵ لیژنەی "دەرخستنی راستییەکان"ـی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەکاتەوە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دووپاتیکردەوە، "تاران بە هیچ شێوەیەکی پابەندی هیچ جۆرە هاوکاریکردنێکی لیژنەی سیاسی لە ژێر ناوی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان نابێت".

کەنعانی لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان گوتی: بەکارهێنانی پرسی مافی مرۆڤ دژ بە وڵاتانی سەربەخۆ سەرکۆنە و رەتدەکەینەوە و دڵنیاین یارمەتی پێشوەچوونی مافی مرۆڤ نادات. هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی ئێران لەوبارەیەوە پابەندی بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆی دەبێت و هاوکاریی ئەو لیژنەیە ناکات".

رۆژی ٢٤ـی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بڕیارنامەیەکی پەسند کرد و یەک لە خاڵەکانی پەیوەندی بە پێکهێنانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان هەیە. لەو کۆبوونەوەیەدا چین، داوای لابردنی ئەو خاڵەی کرد.

زیاتر لە ٧٠ رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە و بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوبوونەتەوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٥٠ خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و سەرووی ١٧ هەزار کەسیش دەستگیرکراون.